سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری بەرگری تورکیا جەخت لە بەهێزكردنی هەماهەنگی هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەنەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/1/19 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا کرد.
لە دیدارەکەدا بارودۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا تاووتوێ کرا. جەخت لە گرنگیی هەماهەنگيی و بەردەوامیی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا کرایەوە، بەتایبەتیش بەهێزکردنی هەماهەنگیی و هاریکاریی لەپێناو سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشیا و هێزە چەکدارە نایاساییەکان کرایەوە لە پێناو ئاساییکردنەوەی دۆخی دەڤەرەکە و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.