عێراق خۆی لە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دژی داعش دەدزێتەوە
لە کاتێکدا جموجوڵی تیرۆریستانی داعش لە ناوجە جیاجیاکانی عێراق و ناوجەکوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم زیادی کردووە ، عێراق خۆی لە پێکهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی هاوبەش دەدزێتەوە کە پێشتر ڕێککەوتنی لە سەر کرابوو
لەمبارەوە “نووری حەمە عەلی ” بەرپرسی باکوور و رۆژئاوای کەرکووکی هێزی پێشمەرگە لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : “تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی دەوروبەری كەركووك و خانەقین وەك خۆیان ماون و رۆژانی رابردوو جووڵەیان زیادی كردووە، ھۆكارەكانیش زۆرن، بەڵام بێدەنگیی ھێزە عێراقییەكان بەرامبەر بە كردەوەكانی داعش، جێگەی گومانە، چونكە زۆر جار بە رۆژ چەكدارانی داعش بە ئاشكرا و بە بەرچاوی ھێزەكانی عێراقەوە ھاتوچۆ دەكەن و ئەو ھێزانە بێدەنگن، ئەمەش لە ترسی ئەوەی بە شەو داعش نەیەتە سەریان”.
حەمە عەلی هاوکات ئاماژە بەوە ەکات : “تا ئەو كاتەی ھێزی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە ناوچەكە، داعش ھەر وەك خۆی دەمێنێ، چونكە ئەو ھۆكارانەی بوونەتە پاڵپشت بۆ مانەوەی داعش، ماون، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی پێشمەرگە، رەوشی ناوچە كوردستانییەكان بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت”.
سەبارەت بە پێک هێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی بەرگری عێراقیش دەڵێت : “وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیە بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی پێشوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، بەڵام عێراق خۆی لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دەدزێتەوە و نایەوێ ھیچ ژوورێكی ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ كۆتاییھاتن بە داعش دروست بكرێت”.