عەلی حەمەساڵح: حکومەتی هەرێم دوای پێنج ساڵ عەریزەی ئەلیکترۆنی و تابلۆ لە کۆمپانیا وەردەگیرێتەوە
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، حكوومەت بڕیاری داوە كاری تابلۆكردنی ئۆتۆمبێل و عەریزەی ئەلیكترۆنی لە كۆمپانیاكان وەربگرێتەوە.
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویکردۆتەوە، ئێستا عەریزەی ئەلیكترۆنی و تابلۆی ئۆتۆمبێل و گەراج درابوو بە كۆمپانیایەك، وەرگیرایەوە و پێویستە حكوومەت خۆی ئەم كارە بكات و بەكەسی تر نەدرێت.
باسی لەوەش كردووە، لە ماوەی ئەم چوار ساڵەدا تابلۆی ئۆتۆمبێل درابووە كۆمپانیایەك، بۆ هەر تابلۆیەك 50 هەزار دیناری وەردەگرت، عەریزە نووسینی بەناو ئەلیكترۆنی پێ درابوو بۆ هەر عەریزەیەك نزیكەی 15 هەزاری وەردەگرت، كارەكانی پۆلیسی هاتوچۆی پێ درابوو دەیان ملیار دیناری دەست كەوتووە.
باسی لەوەش كردووە، ئێستا بڕیار درا كارەكان لەو كۆمپانیایانە وەربگیرێتەوە، پێویستە حكوومەت خۆی ئەم كارە بكات، هەرچەندە درەنگە و پارەی زۆر لەلایەن كۆمپانیاكان كۆ كراوەتەوە، بەڵام كارێكی باشە و هیوادارم ئەو شوێنانەی تریش كە بەناوی عەریزەی ئەلیكترۆنی مانگانە ملیاران دینار وەردەگرن، كارەكانیان هەڵبوەشێتەوە.