وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە : وادەی تەواوبوونی ڕێگای هەولێر – دهۆك-ی ڕاگەیاند
بریكار وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆمەڵێك پڕۆژە لە بواری جێبەجێكردندان و بەردەوام كاریان تێدا دەكرێت، بە تایبەت رێگای ھەولێر- دھۆك ، كە ٨٥%ی تەواو بووە و بەردەوامیش كاری تێدا دەكرێت و تا بەھاری داهاتوو رێگاكە ھەمووی تەواو دەبێت و دەكرێتەوە.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریكار وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەو پڕۆژانەی رێگاوبان، كە لە بواری جێبەجێكردندان، كۆمەڵێك پڕۆژەن و كاركردن تێیاندا نەوەستاوە و بەردەوامە، كە بەم وەرزی زستان و بارانە كاریان تێدا دەكرێت، بە تایبەت رێگای نێوان ھەولێر – دھۆك، كە پڕۆژەیەكی ستراتیژییە.
عەبدوڵڵا ئەوەشی خستۆتەڕوو، پڕۆژەی دھۆك – ھەولێر لە دیوی دھۆك بۆ كۆپاڵ تەواو بووە و كراوەتەوە و لە كۆپاڵیش بۆ ھەولێر كاركردن تێیدا بەردەوامە و تاوەكو ئێستا ٨٥%ی تەواو بووە، كە بڕیارە تا بەھاری داهاتوو ھەموو رێگاكە تەواو بكرێت و بە ڕووی ھاووڵاتیاندا بكرێتەوە، كە رێگایەكی ستراتیژییە و سوودی زۆری بۆ ھاووڵاتیان دەبێت، چونكە ھاتوچۆی ھاووڵاتیان لە نێوان دوو پارێزگای دھۆك و ھەولێر زۆر ئاسان دەبێت و كورت دەكرێتەوە.