رادهستكردنی مهلهفی نهوت تاوانه و لێدانه له سهروهری كوردستان
یاد سرێشمهیی
وێنەی دوو گەنجی شەرگات کە لە خۆشی قیرتاوکردنی ڕێگایەکیان بە ماچکردن و پاڵکەوتنیان لەسەر شەقامەکە خۆشی دەردەبرن مژاری گەرمی ئەمڕۆی سۆشیالمیدیایە پێویستە تاکی کورد بیر لەو دیمەنە بکاتەوە خۆ ئەوان نەوت و مەلەفەکەی، سەروەری و کەرامەت و مرۆڤبوونی خۆیان رادەستی حکومەتی عێراق(حەشدی شەعبی) کرد، ئەی بۆ وا شاگەشکەی کردنەوەی ڕێگایەکن؟ ئەی بۆچی ئەوانەی بەناو نوێنەری کوردن و ئەمڕۆ کەوا سوری پێش حەشدی شەعبین دەیانەوێت کەرامەتی تاکی کورد بهێننە ئەو ئاستەی کە رێگایەکمان قیرتاوکرا شای و لۆغان ببەستین، مەگەر ئەوانیش ئەو دیمەنە نابینن؟.
دیقەتبدەن چ تاوانێکە تۆ لە قۆناغی گەیشتن بەدەوڵەت بگەڕێیتەوە ئاستێک چەکدارێکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بڕیار بدات تۆ دەبێت رێگاکەت قیر بێت یان قوڕ، خۆ شەرگات و ناوچە سونیەکانی دیکە تەواو تەسلیم بە ئیرادەی شیعەبوونە، ئەوان هەوڵی سەربەخۆی و پرۆسەی خۆماڵی کردنی نەوتیان نەداوە، ئەی بۆچی وادەژین مەگەر عێراقی نین؟، ئەوە پرسیارێکە ئەو پەرلەمانتارە کوردانەی دەڵێن پەرلەمانتاری هەموو عێراقین پێویستە وەڵام بدەنەوە.
سەت ساڵە خێرو بێری کوردستان، عێراق دەیخوات رۆژێک شیعەو رۆژێک سونە ئەمڕۆش شیعە ئامادەیە مووچەی دایکە شەهیدێکی کوردستان ببڕێت، کەچی لەو لاشەوە لە پڕۆژەیاسای بودجە حەشدی شەعبی بە کەیفی خۆی ژمارەی حسابی هەڵدەبژێرێت و هەرزەکاری شیعەی پێ چەکدار دەکات، ئەگەر هەریەکە لەو پەرلەمانتارە کوردانەی دژە حکومەتی هەرێمن راست دەکەن با رەخنە لەوە بگرن کە بودجەی دیاریکراوی حەشد بەقەد بودجەی شەش وەزارەتە. نەک پڕۆسەی خۆماڵی کردنی نەوتی کورستان کە مافێکی دەستوری و هەنگاوێکی گرنگی گەیشتنی کوردستانە بە بازاڕی نەوت و وزە.
پرسی رادەستکردنی مەلەفی نەوت، نەک داهاتەکەی پرسێکی سیادیەو پەیوەندی بەو سەروەریەوە هەیە، کە یەکەم گوللەی شۆڕشی کوردستانی لە پێناو تەقی، گەڕانەوە لەو هەنگاوە، دەمانگەیێنێتە ئەو ئاستەی کە وەک سونە نانەو زگ بژین و دوعاکار بین حەسەن پلایسێک مووچەمان بدات ئینجا چەند دەدات و بەکێی دەدات ئەوە نازانین. بەڵام روونە کە دەبێت بۆ چاککردنی مەزرایەک، شیرینی ببەخشینەوەو و بۆ قیرتاوکردنی رێگایەک سەرچۆپی بکێشین.
ئەو گەلە کۆمەیەی ئێستا لە کوردستان دەکرێت، بە هاوکاری چەند پەرلەمانتار و حزبێکی ناوخۆ، کە قوتی هاووڵاتیان و سەروەری تاکی کوردیان تێکەڵ بە چەند هاوکێشەیەکی ئالۆزکردووە، تەنها ئامانج لێی گەڕاندنەوەی کوردستانە بو ئەو مۆدێلە حوکمڕانیە فاشیلەی کە لە پارێزگاکانی خوارو ناوەڕاستی عێراق بەڕێوەدەچێت، ئامانج لێی بەچۆکداهێنانی کەرامەتی تاکی کوردە کە ئیدی نەک تەنها بۆ مووچە پێویستە بۆ خزمەتگوزاریەکی بچوکیش چاومان لە دەرگای بەغدا بێت.
پارتی کە ئەمڕۆ رژدە لەسەر باشتر کرنی بژێوی هاووڵاتیان و پاراستنی سەروەری کوردستان، مەحالە بچێتە ژێر باری بەدەست هێنانی بژێویەکی بێ سەروەری، لەلایەکی دیکە بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی سەرگەرمی دادگەری و دابینکردنی بژێویەکی پڕ سەروەریە، کە ئەمەش کۆتای بەو دەنگانە دێنێت کە ئەمڕۆ دژ بە پیادەکردنی مافێکی دەستوری هەرێمی کوردستان وەستاونەتەوەو حەق و ناحەق ماف بە بەغدای خنکێندراوی دەستی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دەدەن.