ئیدارەی نوێی ئەمریكا شانازی بەوە دەكات پشگیری لە پێشمەرگە بكات
خواكوڕك
ئەمرۆ 12ی 2ی 2017 لە سەلاحەددین مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە دۆگڵاس سڵیمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە جەنەڕاڵ تاونسێند فەرماندەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و كین گرووس كونسووڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق سوپاسی قارەمانێتی و گیانفیدایی هێزی پێشمەرگەی كرد لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە كرد و ڕایگەیاند ئەمەریكا شانازی بەوە دەكات كە پشتیوانی پێشمەرگەیە و دووپاتیشیكردەوە وڵاتەكەی لەو پشتیوانییەدا بەردەوام دەبێت. هەروەها سوپاسی گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كرد كە میوانداریی ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە و پێشوازیشیان لە بریندارانی سوپای عێراقی كردووە بۆ چارەسەركردن.
هەر لەم دیدارەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ئەجێندا و هەنگاوەكانی ئیدارەی نوێی ئەمەریكای بۆ عێراق و ناوچەكە و شەڕی تیرۆر بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو و بڕیارەكانی سەرۆك ترامپی لەبارەی ڤیزا و هاتووچوی هاووڵاتیانی حەوت وڵات بۆ ناوخۆی ئەمەریكا شیكردەوە.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی سوپاسی گەل و حكوومەت و سوپای ئەمەریكای كرد كە لەشەڕی تیرۆردا پشتیوانی گەلی كوردستان پێشمەرگە بوون و ئەو پاڵپشتییەی بە كاریگەر وەسفكرد لە شكستدانی تیرۆریستانی داعش و ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەمەریكا و كوردستان لە سەنگەرێكی هاوبەشدان لە شەڕی تیرۆر و خوێنی ڕۆڵەكانی هەردوولا لەم شەڕەدا تێكهەڵ بووە و بۆیەشە لەپێناو سەقامگیری و ئاشتی و ئاساییشی ناوچەكە دۆستایەتیی نێوان كوردستان و ئەمەریكا زۆر پێویستە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باسی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و دوایین پێشهاتەكان و بارودۆخی مەیدانیی شەڕی دژی داعش لە سووریا كرا. ئاییندەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وئەمەریكا و پێشڤەچوون و بەردەوامیی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.