موحەممەد بازیانی: تا كورد نەبێتە دەوڵەت ناوچەكە ئارام نابێتەوە
خواكوڕك
دوای ئەوەی سەرچاوەیەك لە سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بە میدیاكانی راگەیاند, مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بەشداریی لە 53ـیەمین كۆنگرەی ئاسایشی جیهان لە شاری میونشن لە ئەڵمانیا دەكات, چاودێرێكی سیاسیش دەڵێت:” بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میۆنشندا بۆ بەهێزیی پێگەی (سەرۆك بارزانی) دەگەڕێتەوە. دەشڵێ، هەرێمی كوردستان لەڕووی ئاسایشی نەتەوەیییەوە سەنتەرێكی ستراتیژیی گرینگە و، تا كورد نەبێتە دەوڵەت ناوچەكە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت.
(موحەممەد بازیانی)، چاودێری سیاسی هاوكات سەرۆكی رەوتی گەشە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: ”هەرێمی كوردستان لەڕووی ئاسایشی نەتەوەیییەوە سەنتەرێكی ستراتیژییە، نەك تەنیا بۆ كورد، بگرە بۆ وڵاتانی ناوچەكەش, تەنانەت شەڕی نێوان ئێران و عێراق لە دەرئەنجامی چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد بوو؛ كە لە ڕێكەوتنی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٤دا بەڵێن درا، لە چوارچێوەی ئەو ڕێكەوتنەدا كێشەی كورد لە عێراقدا چارەسەر بكرێت، كەچی نەكرا و، بەوهۆیەوە شەڕ لە ناوچەكە ڕووی دا. نەمانی (سەدام حسێن)یش پێوەندیی بە چارەسەرنەكردنی كێشەی كورد لە عێراقدا هەبوو. مەبەستم ئەوەیە، دوای هاتنی داعش، ناوچەكە ستراتیژییەكی گەورەی هەیە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان، چونكە ئێستا ئاسایشی نەتەوەییی هەمووی جیهان بە هەرێمی كوردستانەوە بەستراوەتەوە، لێرە ئاسایش سەقامگیربێت، كاریگەریی لەسەر ناوچەكە و جیهان دەبێت.”
ئەو چاودێرە گۆتی: ”بەشداریكردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەی میونشندا، وەك سەرۆكی یەكێك لەو وڵاتانەی بەشداری لە كۆنگرەیەكی وەها گرینگ، دەربارەی ئاسایشی نەتەوەیی لەسەر ئاستی جیهاندا دەكەن، بە بۆچوونی من، پێشبینی ئەوەی لێ دەكرێت، كە لە داهاتوودا كورد دەبێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و، ڕۆڵی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەو كۆنگرە و كۆبوونەوانەدا گرینگە.”
(موحەممەد بازیانی) دەشڵێت: ”من پێشبینی ناكەم، هیچ وڵاتێك لەسەر سینییەكی زێڕین دەوڵەتی كوردستان پێشكەش بە ئێمە بكات. بگرە، دەبێ خۆمان سەربەخۆییی خۆمان ڕابگەیەنین. پێموایە ئێمە كە ئێستا دەوڵەتمان نییە و ئەو ڕۆڵە گرینگەمان لەسەر ئاستی جیهان هەیە، ئەگەر دەوڵەتی خۆمان هەبێت، زیاتر لە پێگەی جیهاندا ڕۆڵمان دەبێت و، ئەو كۆنگرەیەش كورد هان دەدات بۆ ئەوەی لە سەقامگیریی ناوچەكەدا ڕۆڵی هەبێت.”