لەبارەی كورتە فیلمە ئێرانییەكەی كۆمپانیای (مەسیر)

 

ئەو كورتە فیلمە ئێرانییەی چەند ڕۆژێكە بڵاو كراوەتەوە و تێیدا سووكایەتی بە ڕۆڵی سەرۆك و پێشمەرگە لە شەڕی داعش دەكات، زۆر شتی لێ دەخوێندرێتەوە. جێگەی سەرسووڕمانە لە وڵاتێك كە لە ناوچەكەماندا ئەزموونێكی دوورودرێژی لەگەڵ فیلم و سینەمادا هەیە فیلمێكی وا چەواشەكارانە و ئاست نزم و هەرزەكارانە بەرهەم بهێنددرێت. بەڵام لە ڕاستیدا سرووشتی فاشیزم وایە ئەگەر بێتوو زۆر خەست بێت دواجار جەهل و هەڵە و بێ ئەتەكێتی لێ دەكەوێتەوە.

یەكەم: بەپێی هەموو پێوەرەكانی فیلم و دیكیۆمێنتاری، ئەو فیلمە لەڕووی ناوەڕۆك و میسداقیەت و چیڕۆك و سیناریۆ و دیكۆر و كەرەكتەركان و دیالۆگ و جلوبەرگ و ئەخلاقی هونەری و بنەماكانی پیشەییبوون كێشەی زۆر گەورەی هەیە.

دووەم: فیلمەكە لەڕووی سیاسی و فكریشەوە كێشەی هەیە، سەرباری زاڵبوونی دیدگەی ئەمنی بەسەر فیلمەكەوە ڕقێكی قووڵیشی پێوە دیارە بەرانبەر سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و میللەتی كورد.

سێیەم: فیلمەكە بەرهەمی عەقڵێكی هەرزەكار و ئەمنیی شۆڤێنییە. شۆڤینیەتێكی دوانە، شۆڤینییەتی نەتەوەیی و مەزهەبی. خۆبەزلزانین و ئەویتر بەكەمزانین، منەتكردن، خۆبەفریادڕەس زانین و ئەویتر بە موحتاج بینین. گاڵتەجاڕی و سووكایەتیكردن بەوانەی زمانێكی تریان هەیە و میللەتێكی ترن و لە جیۆگرافیایەكی ترن. پشتبەستن بە درۆ و شێواندنی مێژوو بۆ سەلماندنی ئایدیایەكی دیاریكراو، هەر هەموو سەر و سیمای شۆڤینیزمن كە لە فیلمەكەدا وەك ڕۆژی ڕووناك دیارە.

چوارەم: زیاتر لە 170 كەس بەشداریی دروستكردنی فیلمەكەیان كردووە. بەشێكی زۆریان ئاخوند و حوجەتلئیسلامن كە بۆ ئەو فیلمە ڕاوێژیان پێكراوە. بەشێكیان دكتۆر و ئاكادیمین. پرسیار ئەوەیە بۆچی فیلمێكی دە دەقەیی كە ئەوەندە مەلا و پسپۆڕیش یارمەتییدەری بوونە، ئەوها ئاستنزم دەرچووە. وەڵامەكەی لە دوو بابەتی جەوهەری دایە. یەكەمیان شۆڤینیزمە. لە هەر شوێنێك شۆڤیینییەت باڵادەست بوو عەقڵ و مەنتق غایب دەبێت و عاتیفە و جەهل شوێنی دەگرێتەوە. دووەمیان درۆیە، هەر شتێك لەسەر بنەمای درۆ و زوڵم و بوختان دابمەزرێت نابێ ئەو چاوەڕوانییەمان لێی هەبێت، موقنیع بێت و ڕووناكیمان پێ ببەخشێت.

پێنجەم: بەداخەوە لە چل ساڵی ڕابردوو لە ئێراندا دۆسیەی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی ڕەوای گەلی كورد لە دەستی خەڵكی فاشیست و توندڕە بووە كە هەمیشە لە چاویلكەی ئەمنی و دیدی نائینسانیی ڕەگەزپەرستی و شۆڤینیزمەوە سەیری داوا ڕەواكانی گەلی كوردستانیان كردووە.

شەشەم: سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر ئەهریمەنی داعش زۆر لایەنی شۆڤینیی ناوچەكە تەنگاو كرد. ئەوان هەموو ڕێگەیەك تاقی دەكەنەوە كە ئەو شانازییە لەكەدار بكەن و لە گەلی كوردستانی بستێننەوە.

حەفتەم: ڕاستیی بابەتەكە بەمجۆرەیە: كوردستان بۆ ماوەی سێ ساڵ بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر شەڕی داعشی كرد و هەزاران شەهید و برینداری دا. لەو ماوەیە هاوپەیمانان پاڵپشتیی ئاسمانیی پێشمەرگەیان كرد و چەك و عیتادی شەڕیان دا بە پێشمەرگە و مەشق و ڕاهێنانیشیان بە پێشمەرگە كرد. پێشمەرگە بەرگریكاری جیهان و مرۆڤایەتی بوو. هەر وڵاتێكیش یارمەتیی پێشمەرگەی دا بێت بۆ ئەوە بوو كە خۆی لە بەڵای داعش بپارێزێ و ئێرانییەكانیش لەوە بەدەر نەبوون. ئێرانییەكان كە شەش ساڵە هەموو ڕۆژێ ئەو هەموو منەتە بەسەر پێشمەرگە دەكەن و بە چاوی كورددا دەدەنەوە و فیلم و درۆ و دەلەسەی لەسەر بەرهەم دەهێنن، لە سەرەتای شەڕی داعش لە مانگی ئابی 2014 بۆ ئەوەی مەترسی لە سنوورەكانیان دوور ببێتەوە بە دوو فڕۆكە عیتادی شەڕیان بۆ هەولێر هێنا. فڕۆكەكان گوللەی دۆشكا و ئارپیچی تێدا بوو.

زکری مووسا

Back to top button