حکومەتی هەرێمی کوردستان ناڕەزایەتی خۆی گەیاندە کۆنسوڵی ئێران
لە لێدوانێکی میدیاییدا سەفین دزەیی ، بەرپرسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ، بەفەرمی کۆنسولی ئێرانیان ئاگادار کردۆتەوە سەبارەت بەو شانۆکارییەی بە ناوی ( تەوەکوڵ ) لە سەر هەرێمی کوردستان و سەرۆک بارزانی بڵاو کراوەتەوە کە گۆیا قاسم سلێمانی بە خۆیی و 72 کەسەوە هەولێریان لە داعش پاراستووە .
هاوکات نەسڕوڵلا ڕەشنوودی کۆنسولی ئێران ، ڕایدەگەیەنێت ئێمە دوور و نزیک ئاگاداری بڵاو بوونەوەی ئەو کورتە سیناریۆیە نەبووین و لێپرسینەوە لە بەرهەمهێنەرانی دەکیین و بەرپرسانی باڵای ئێرانیشمان لێ ئاگادار کردۆتەوە .
چاودێرانی سیاسیش لەم بارەوە ڕایان وایە ، ئێران وەک پیشەی ڕابردووی خۆی ، سیاسەتی خۆی بەرێوە دەبات و دواتر حاشای لێدەکات ، چونکە بە پێی یاسای ئەمڕۆیی ئێران ، تەنانەت کورتە فلیمێکی 2 خولەکیش بەرهەم ناهێندرێت تا ڕێگە پێدراو نەبێت و لە بەرژەوەندی ئایۆلۆژیایی دەسەڵاتدارانی ئێرانیدا نەبێت .