گۆڕانكاریەكەی پارتی سلێمانى و هەلەبجەش دەگرێتەوە
خواكوڕك
دوای بڕیاری گۆڕانكاری لە چەند مەكتەب و لق و ئۆرگانێكی پارتی لەسنوری دهۆك و هەولێر, وا بڕیارە قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكان لە سنوری ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی – هەڵەبجەدا دەبێت.
بە پێێ زانیاریەكانی (خواكورك)،ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، ناوی ئەو كەسانە ئامادە دەكات كە لە گۆڕانكارییەكاندا پۆستیان پێدەدرێت و دەهێنرێنە پێشەوە, بۆئەو مەبەستە ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی پارتی ،لێكۆڵینەوەی تەواو كردووە و بڕیارە لە چوارچێوەی پرۆژە پێشنیارێكدا ئاراستەی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی حزبەكەی بكات ، بۆپەسەند كردن.
عەتا شێخ حەسەن وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی ، ئەوەی خستە ڕوو ڕایگەیاند “گۆڕانكارییەكانی ناوخۆی حزبەكەی، نوێكردنەوەی پارتی یە، بە خوێنی نوێ كەسایەتی نوێ گۆڕانكارییەكان بە مەبەستی تۆكمەكردنی ڕێكخستنو توندوتۆڵكردنی ئۆرگانەكانە لەگەڵ جەماوەر ،قۆناغەكە پێویستی بە هێنانە پێشەوەی خەڵك و دەموچاوی نوێییە “.
لەبارەی قۆناغی دووەمی گۆڕانكارییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە ، عەتا شێخ حەسەن گووتی, ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی، پێشووتر ئاڵوگۆڕی كردووە، بۆیە گۆڕانكاری لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە بەجێهێڵدراوە بۆ بڕیاری ئەنجومەنەكەو كاك ئەدهەم بارزانی كە خۆی خوێندنەوەو دیراسەی بۆ كاری حزب لە سنورەكە كردووە .
ووتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای سلێمانی ڕاشیگەیاند :” لقەكان وەكو خۆیان ماونەتەوەو هیچ زیاد و كەم ناكەن، گۆڕانكارییەكانیش لە چوارچێوەی كاری حزبیدایەو لە چوارچێوەی لێپرسینەوەدا نییە ، گۆڕانكارییەكان لەسەر ئەوە نییە، ئەوەی لادەبرێت مەلەفێكی هەبێـت یاخود لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت ،ڕەنگە قۆناغی دیكەیشی بەدوادا بێت “.
لەسەر هەمان پرسی ئاڵوگۆڕو گۆڕانكاری نێوخۆی پارتی دیوكراتی كوردستان “علی حسێن ” بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندیە نیشتیمانیەكان كە لە ئاڵوگۆڕەكانی 8ی ئەم مانگە ناوی خرابووە لیستی گۆڕانكارییەكان، ئەوەی خستووەتە ڕوو دەڵێت ” گۆرانكاری لە كەسەكاندا دەكرێت و هەندێكیش شوێنیان بۆ دیاری نەكراوە كە ئەوانیش شوێنیان بۆ دیاری دەكرێت و گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردنیش دەكرێت ،بەڵام بەسەر یەكەوە ناكرێت و بە قۆناغ دەبێت “.
علی حسێن ئەندامی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت” گۆڕانكاری نەك تەنیا لەناو حزب ، بەڵكو لە ناو حكومەتیشدا دەكرێت ، بەڵام بۆ حكومەت پێویستی بە تەوافوقی سیاسی و پەرلەمان هەیە ، بۆیە پێویستە بە گفتوگۆ بێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكە دا “.