سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دادەخرێن

 

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پلانی هەیە بۆ داخستنی هەموو کەمپەکانی ناو هەرێمی کوردستان .

لە ئیستادا 38 هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە لە کەمپەکاندا .

لەمبارەوە عەلی عەبباس گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان گوتی : تاوەکو ئێستا لە عێراق دوو کامپی ئاوارەکان ماون، کە بریتین لە کامپەکانی جەدعە پێنج لە پارێزگای نەینەوا و عامرییەی فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار؛ هەروەها 26 کامپیش لە هەرێمی کوردستانن.

هاوکات ئامارێک  سەبارەت بە ئەو خێزانانەی لە کەمپەکاندان ئاشکرا دەکات و دەڵێت ، ئێستا نزیکەی 38 هەزار خێزان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین، لەگەڵ سێ هەزار و 200 خێزانی دیکە لە کامپەکانی جەدعە و عامرییەی فەلوجە.

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران پلانی هەیە بۆ داخستنی کەمپەکان بۆیەش هەوڵ دەدات لە گەڵ هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدابێت لە سەر ئەم بابەتە

Back to top button