قەرزی بچووك دەستی پێكردەوە

خواكوڕك
دوای وەستانی بۆماوەی دووساڵ وا بڕیارە قەرزی بچووك جارێكی دیكە دابەش بكرێتەوە, بۆ ئەم مەبەستە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران لەڕێی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە ٦٠٠ ملیۆن دینار بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك تەرخان دەكات و، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتیش دەڵێ، جگە لەو قەرزەی حكوومەت، ڕێكخراوێكی بیانیش، قەرزی بچووك بۆ پەنجا پڕۆژە تەرخان دەكات.

(هەمزە مەغدید)، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”دوای هاتنی قەیرانی دارایی، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێدانی قەرزی بچووكی ڕاگرت، بەڵام دواتر وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی چەندین جار داوای دەستپێكردنەوەی قەرزەكەی لە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد و، وەزارەت داوای تەرخانكردنی ٣٠٠ ملیۆن دیناری بۆ هەرمانگێگ كردبوو، تا پێدانی قەرز بەردەوام بێت، بەڵام سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران داوای ڕوونكردنەوەی لە وەزارەتی دارایی كرد، بۆ ئەوەی بزانێت توانای حكوومەت بۆ دەستپێكردنەوەی قەرزی بچووك، چەندەیە.”

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی كۆمەڵایەتی گوتی: ”وەزارەتی دارایی بە سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی ڕاگەیاندووە، كە دەتوانێ بۆ هەرچوار مانگ بڕی ٦٠٠ ملیۆن دیناری عێراقی بۆ وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی خەرج بكات، بەڵام هێشتا بڕیاری كۆتایی بۆ دەرنەچووە. چاوەڕێ دەكەین بڕیاری خەرجكردنی ئەو پارەیە بدرێت و ژمارەیەك هاووڵاتی لە وەرگرتنی قەرزی بچووك سوودمەند بن.”

(هەمزە مەغدید) دەشڵێ: ”قەرزەكە بۆ ٥٥ پڕۆژەی بچووكە و هەر هاووڵاتییەك مەرجی كردنەوەی پڕۆژەی بچووكی هەبێت، دەتوانێ داواكاری پێشكەش بكات و بەگوێرەی پڕۆژەكە لە پێنج ملیۆن دینارەوە تا پازدە ملیۆنی پێ دەدرێت. هەروەها ئێمە لەگەل ڕێكخراوێكی بیانی لەسەر خەتین بۆ ئەوەی ئەوانیش قەرزی بچووك بۆ پەنجا پڕۆژەی دیكە تەرخان بكەن، ئەوەش دەبێتە هۆكارێكی باش بۆ ئەوانەی دەیانەوێ پڕۆژە دابنێن و توانای داراییان نییە.”

Back to top button