لەو مەخلووقە غەریبەی
ئیدریس رەسول
مەخلووقێک، کە پێدەچێت لە پێشەکیەوە(زارهەقەکەی) وەرگرت بێت، له پانۆرامای كهناڵی كوردسات نیوز، دەڵێ”ڕێگه ڕاستهكه تهسلیمكردنی دۆسیهی نهوتیه بهگشتی بهبهغدا بۆ دهربازبوون له كاریگهریه مهترسیدارهكانی بهردهوام بوونی سیاسهتی ئێستای نهوتی ههرێم”. من بەوە ناڵێم رەئی، بەڵکو ناوی دەنێم” لرخە” ( دوا دەنگە، کە بەر لە روحدان لە گەرووی گیاندار دەردەچێ)
مرۆڤ لەبەرامبەر وەها لرخەیەکدا، کە بە زمانی کوردی و لە کەناڵێکی کوردی لە دۆخێکی حەساسدا دەبیستێ، بە دەست خۆی نییە حەماوەی بەرز دەبێتەوە و داوا دەکات یاسایەک بەرکار بکرێ لەبەرامبەر ئەوانەی لەباتی ناحەزان کار بۆ بچووک کردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئاخر، هەر ئەوانە بوون، لە پشتەوە خەنجەریان لە پێشمەرگە دا بۆ عافەریمێک لە قاسم سلێمانی، هەر ئەوانە بوون لە ١٦ی ئۆکتۆبەر( رۆژە رەشەکەی مێژوویان) رێکلامیان بۆ حەشدی مەزهەبی دەکرد، کە گوایە لە لێواری دەرگەی قەڵاتی هەولێرن( رەنگە هەر ئەوە دەم بەزینی هۆلاکۆیان بیر کەوتبێتەوە، بۆیە باسی دەرگەی قەڵاتیان دەکرد) بەڵام پێشمەرگە هەر لە پێدەشتەکانەوە، لە پردێ دەرزێکیان بە سوپای غازی دا، وەک دەڵێن” با بە دەواری شڕی نەکردووە”، کە تا ماون ئەو چوزاندنەوە( بە ژانی پێوەدانی دووپشک و زەردەواڵە دەگوترێ) پر ئازارەیان لەبیر ناچێتەوە.
دوای شکستی پیلانەکانیان( هاندانی داعش بۆ هێرش کردنە سەر پایتەختی کوردستان و هێرشی هەمەلایەنەی حەشدی شەعبی و پاسدار و حزبوڵلا و فاتمیەکان)، ئێستا لەباتی ئەوان بە نەوتی کوردستانیان گرتووە، بێ ئاگا لەوەی کلیلی نەوتی کوردستان لە دەستێکی ئەمین دایە بۆ باڵاکردنی کوردستان، پێشتریش هەر ئەوانە بۆ دڕدۆنگ کردنی هاووڵاتیانی کوردستان، پاگەندەیان بۆ ئەوە دەکرد، گوایە حکوومەت لە پشک و ئاوەدانکردنەوە بەیەکچاو سەیری پارێزگاکانی کوردستان ناکا، دوای بڵاو کردنەوەی رێژەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پارێزگاکان، دەرچوو ئەوانە بۆ مەبەستێکی پۆخڵ درۆ دەکەن. دڵنیام هەمووتان دەزانن ئەوانە بۆ بە نەوتیان گرتووە؟ دوای ئەوەی پیلانی نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرامبەر قارەمانێتی پێشمەرگە شکستی هێنا، کە هێشتا هێرشبەرە مەزهەبچیەکان بەو برینانە دەتلێنەوە، کە لە داستانە مەزنەکانی پردێ و سحێلا و مەحمودییە لە جەستەیان کەوتووە، ئێستا (کلک بڕاوەکان) لەباتی مەزهەبچیەکان بە ئامانجی گەڕانەوەی کلکیان بە نەوتی کوردستانیان گرتووە، چونکە کاریگەری هێزی وزەی کوردستان لەگەڵ نیازە پیسەکانی ئەوان نایەتەوە، هەر وڵاتێک هێزی سەربازی و داهاتی سەربەخۆی خۆی هەبێت، نەک مانەوەی مسۆگەرە، بەڵکو هێزی پێشکەوتنی زیاتر و بەگوڕتر دەبێت.