مەسرور بارزانی تەواوی خەرجیی چارەسەری جووتیارێک لە ئەستۆ دەگرێت
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەدواداچوون بۆ تەندروستی “مام سابیر” جووتیارەكەی گوندی پەلكانە دەكات و تەواوی خەرجیی چارەسەر و نەشتەرگەری لە ئەستۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی تەندروستی هاتووە، دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەكی مام سابیر جووتیارە دژە تەعریبەكەی گوندی پەلكانە كە بارودۆخی تەندروستی ناجێگیرە، پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە لە سەنتەری دڵ لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزیری تەندروستی راسپارد بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەكە و خەرجییەكەی لە ئەستۆ دەگرێ و هەموو ئاسانكارییەك بكرێت تا بە تەندروستییەكی باش بگەڕێتەوە گوندەكەی.
ڕوون كراوەتەوە، بە نوێنەرایەتی و ڕاسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی سەردانی سەنتەری دڵ لە شاری هەولێری كرد بۆ بەسەركردنەوەی سابیر عومەر لە نەخۆشخانە كە لە ژێر چاودێری پزیشكیدایە، ئامادەكاری دەكرێت بۆ شیاوبوونی بۆ نەشتەرگەری كرانەوەی دڵ.
باس لەوەش كراوە، ئێستە مام سابیر لە سەنتەری دڵ لەژێر چاودێریی چڕی پزیشكیدایە، ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی بەزووترین كات نەشتەرگەرییەكەی لەسەر خەرجی سەرۆكی حكوومەت بۆ ئەنجام بدرێت.
لە پەیامێكدا نەخۆش مام سابیر عومەر سوپاسی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد، خۆشحاڵ بوو بە پرسینەوەی بەڕێزیان بۆ ڕەوشی تەندروستی و ڕای گەیاند، ئەم هەڵوێستە بەرز و مرۆڤدۆستانەیەی بەڕێزیان ئومێدێكی گەورەی بە تەندروستی خۆی و هەموو هاووڵاتییانی كوردپەروەری دانیشتووی پەلكانە بەخشی.