وەزارەتی پێشمەرگە لە سەرچۆنیەتی دابەشکردنی مووچە بە بێ لێبڕین روونکردنەوە دەدات
لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان لیوا روکن بەختیار محەممەد ، راوێژکاری سەربازی و ئەندامی بۆردی باڵای چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە ، سەبارەت بە دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە بە بێ لێبرین روونکردنەوە دەدات .
بەختیار محەممەد ئاماژە بەوە دەکات ، هاوکارییە داراییەکەی ئەمریکا لە رێگەی هاوپەیمانانەوە راستەوخۆ دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە و لە قۆناخی یەکەم تەنیا مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین دابەش دەکەن.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەش گوتی ئەگەر کێشەی تەکنیکی روونەدات ، هەر ئەمڕۆ دەستبەدابەشکردنی دەکرێت .
لە وڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە بەبێ لێبڕین دابەش دەکرێت، گوتی : “هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هاوکاریی ئەو هێزانە دەکات کە لەسەر زەوی شەڕی داعش دەکەن و یەکێک لەو هێزانە پێشمەرگەیە و بە کەرەستەی و پێداویستیی سەربازیی و بەشێوەی داراییش هاوکاریی پێشمەرگە دەکات”.
سەبارەت بە پلان و چۆنیەتی هاوکارییە داراییەکان ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی : ، لەم مانگەوە هاوکارییە داراییەکان راستەوخۆ لە رێگەی هەژمارێکی بانکییەوە راستەوخۆ دەدرێتە وەزارەتی پێشمەرگە. ئەمەش دوای راوێژی راوێژکارانی هاوپەیمانان لەگەڵ ئەنجومەنی بەرگریی وەزارەت و وەزیری پێشمەرگە و بە ئاگاداریی و رەزامەندی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.