جەمیل هەورامی : وڵاتانی داگیر دەبێت بێڕێزی کردن ڕابگرن ، سەرۆک بارزانی رۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە تێکشکانی داعش

 

جەمیل هەورامی ، بەرپرسی پێشمەرگە دێرینەکانی یەکێتی نشتیمانی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنەکان ، دژی ئەو بێرێزییە دەوەستێیەوە کە بە سەرۆک بارزانی کراوە لە لایەن ئێرانەوە .

هەورامی وێڕای ئەوەی بڵاو کردنەوەی ئەو فیلمە بە بیرێزی بۆ سەر هەموو کرد ناودەبات ، بە توندی ئیدانەی ئەو سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و دەڵێت ، جێگەی قەبوول کردن نییە ، داگیرکەرانی کوردستان بێڕێزی بە رانبەر سەرکردەکانی کورد بکەن ، بۆیەپێویستە خەڵکی هەڵوێستی تایبەتی هەبێت .

هاوکات سەبارەت بە رۆڵی پێشمەرگەی کوردستان و سەرۆک بارزانی لە تێکشاندنی داعش گوتی :  ”ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش بە ھاوبەشی هەرچی تیرۆریستی دونیایە، کۆبوونەوە بۆ ئەوەی لە گەلی کورد بدەن، بەڵام خۆشباختانە ھێزی پێشمەرگە توانی جەنگێکی قارەمانانە لە دژی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە بەرێوەبەرێت و شکستی بدات .

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دەڵێت ، خودی خۆشم بەشداریی ئەو شەڕانەم کردووە و ھاوڕێکانم شەھید بوون، ئەوەشی ھێزی ھەبووبێ و بەشداریی شەڕی تیرۆریستانی داعشی نەکردبێت، خائینە، ئەوەشی بەشداریی ئەو شەڕەی کردبێت، بەرامبەر بە گەلەکەی ئەرکێکی نیشتمانی ئەنجام داوە

“.لە کۆتایی قسەکانیدا سەبارەت بە رۆلێ سەرۆک بارزانی لە جەنگی دژی داعشدا گوتی : ”بێگومان کاک مەسعود بارزانی، ڕۆڵی زۆر باشی لە شەڕی داعش بینیوە و ئەوکاتەی داعش شەڕی ھێزی پێشمەرگەی دەکرد، کاک مەسعود بارزانی فەرماندەی گشتی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بووە و ھەموو فەرمانەکان ئەو دەری کردووە، بێگومان ھەمیشە کاک مەسعود ڕێزێکی زۆری ھەبووە لامان و ئێستاش ڕێزێکی زۆری لێ دەگرین“.

Back to top button