ئێران دەبێتە ستراتیژێکی دیكهی ھاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل
خواكوڕك
سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ ئەمریكا رۆژەڤێكی گەرمی رۆژنامە و سەنتەرەكانی توێژینەوەی سیاسی و سەربازییە جیھانیەكانە.
رۆژنامەی “ئۆرشەلیم پۆست” بە سەردانێكی زۆر گرنگی وەسف كردوە و پێیوایە سەردانی نوێكردنەوەی تەواوی ڕێكەوتنە ستراتیژییە مێژووییەكانە لە فۆرمێكی نوێی جیاواز كە خزمەتێكی زیاتر بە داخوازییەكانی ئیسرائیل دەكات و پێیوایە سەرۆك ترەمپ دوست و پاڵپشتێكی گەورەی پرۆژەكانی ئیسرائیل دەبێت لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست.
پسپۆران دەڵێن لە کاتێکدا كابینەی ترامپ بەڵێن دەدات هەڵوێستی توندی بەرامبەر ئێران هەبێت، ئەم فشارەی ئەمەریکا پێشبینی دەكرێت دژ بە حزبوڵای لوبنان و دارودەستەی ئێرانیش بێت لە عێراق کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پشتیوانی کردنی ڕژێمی سوریا دژ بە نەیارەكانی.
بەپێی وتەی شارەزایان لە یەکەم کۆبونەوەی نێوان ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ کە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو ئەنجام بدرێت، چاوەڕوان دەکرێت سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەوڵ بدات پێشنیاری پاكێجێكی نوێ لە سزا بكات دژ بە ئێران و ھاوپەیمانەكانی و فشاری زیاتریش بخرێتە سەر حزبوڵا و ڕێكخراوە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران لە عێراق و سوریا و یەمەن و “سوپای پاسداران و دەزگاكانی وەكو ڕێكخراوێكی تیرورستی بناسرێت”.
ئەو دوو سەركردەیە لە کاتێکی زۆر گرنگدا کۆدەبنەوە لەو دەمەی کە ئیدارەی نوێی ئەمەریکا ستراتیژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دیاری دەکات، چاوەڕوان دەکرێت ئەوان ئەو پەیوەندییانە چاکبکەنەوە کە لە ھەشت ساڵی ئیدارەی پێشوو سارد ببوونەوە.