عێراق تەنها داوای نەوت ناکات و داوایەکی جیاوازی هەیە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی میدیاییدا ئاماژە بەوە دەکات عێراق داوای نەوت لە هەرێمی کوردستان ناکات ، بەڵکو داوای داهاتی نەوت دەکات .
دکتۆر بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ڕادەستکردنی مەلەفی نەوت و ڕادەستکردنی بە بەغدا لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە گوتی : هەرێمی کوردستان بە داوای بەغدا رازی نییە و هاوکاتیش لایەنێکی زۆری شیعەکان پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکەن و بەشێک دژی هەرێمن ، بەڵام هەردووک لایەن هیوایان بە رێککەوتن هەیە .
سەبارەت بە سەردانی شاندەکەی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا حەداد گوتی : شاندەکەی هەرێمی کوردستان زانیاریی و ئاماری وردیان لەگەڵ خۆیاندا هێنابوو لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتیی هەرێمی کوردستان و زانیارییەکانیان پێشکەشی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کرد، ئەوانیش باوەڕیان بە هەموو زانیارییەکان کرد.
لە کۆتاییشدا سەبارەت بە هۆکاری گەڕانەوە شاندەکەی هەرێم ئاشکرای دەکات ، هۆکاری گەڕانەوەی شاندەکە بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبوو، کە چەند رۆژێک دەرفەت بە لیژنەی دارایی بدرێت بۆ ئەوەی کارەکانی پێداچوونەوەی پرۆژەیاسای بودجە تەواوبکەن و “شاندەکە سەرەتای هەفتەی داهاتوو دێنەوە بەغدا و درێژە بە گفتوگۆکان دەدەن.