میدیای میحوەری مقاوەمە
زکری موسا
نووسینێكی كوردێكی ڕۆژهەڵاتیم خوێندەوە، تێیدا گلەیی لە نوخبەی ڕۆشنبیری و فكریی كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان كردبوو كە بۆچی لە ئاست ئەو بێڕێزییەی لە فیلمە ئێرانییەكەدا بەرانبەر میللەتی كورد هاتووە بێ دەنگ و بێ هەڵوێست بوونە.
فیلمەكە تەواو دیارە كە لە لایەن كەسانی دەستڕۆییشتووی ئێرانەوە كاری بۆ كراوە و سیناریۆی بۆ داڕێژڕاوە. دیدی ئەمنی و فاشیستی و چەواشە تەواو بە فیلمەكەوە دیارە.
سەرتاپای فیلمەكە تەحقیری كورد و خۆبەزلزانین و خورافەگەرایی و گاڵتەپێكردن و درۆ و تاییفییەتە. ئەویش لە لایەن ڕژێمێك كە كارنامەیەكی زۆر خەراپی لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆزی كورد و مافەكانی مرۆڤ و مافی نەتەوە و ئایینەكان و گەندەڵی و دیكتاتۆرییەتی دینی هەیە. بەڵام با بێینەوە سەر پرسیاری ئەو نووسەرە كوردەی ڕۆژهەڵات كە بۆچی نوخبەی فكریی هەرێم لە ئاستیدا بێ دەنگ بوون و بگرە بەشێكی مەكینەی میدیایی هەرێمیش كەوتنە خزمەتكردنی ئەو فیلمە و پێداهەڵگوتنی.
ڕەنگە وەڵامی خێرا ئەوە بێت كە لە ڕقی پارتی و بارزانی ئەم ڕەفتارەیان نواندووە. ئەو وەڵامە كافی نییە و دەبێ بە دوای هۆكاری بنەڕەتیتری فكری و كۆمەڵناسی و سایكۆلۆژیدا بگەڕێین. لەگەڵ ئەو جۆرە بێ هەڵوێستییە سابیقەی تریشمان هەیە. ئێمە هەموومان دەزانین كە لە ڕیفراندۆمی گەلی كوردستاندا كە زۆرینەی ڕەهای خەڵك لەگەڵیدا بوون، تەنیا ژمارەیەكی كەمی ئەو نوخبەیە لە ڕیزی گەل وەستان و پشتی ئەو مافە ڕەهایەی میللەتەكەیان گرت. لەمە كارەساتبارتر شەڕی داعش بوو. ئایا ئێوە دەزانن كە لە شەڕی داعشیشدا جگە لە ژمارەیەكی كەمی نوخبەی فكری، بەشی زۆریان، گەلی كوردستان و پێشمەرگەیان لەم شەڕەدا بە تەنیا جێ هێشت. داعش دوژمنی مرۆڤایەتی بوو و بەربووە گیانی میللەتێكی تەنیا و مەزلووم. ئەی بۆچی ئەمانە لەگەڵ پێشمەرگەدا نەبوون؟ كوان ئەو بەرهەمە فكری و هونەرییەی كە دەبوایە قارەمانێتیی پێشمەرگەیان بە نەمری هێشتبایەوە و ببێتە پشتوانەی فكری و تیۆری بۆ ڕۆحی جەنگاوەری و بەرگرییكاریی گەلی كوردستان؟
ئێرانییەكان خۆشیان دەزانن فیلمێكی كرچوكاڵ و ئاستنزمیان بەرهەم هێناوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا باش ئاشنای باری فكری و ڕووناكبیریی هەرێمی كوردستانن. دەزانن ئیرهابی فكری و ئەو شەپۆڵە میدیاییەی بە بەرنامە ماوەی بیستساڵە بە هاوكاریی ئەوان چۆنچۆنی مەسخبوونی نوخبەی ڕووناكبیریی كوردی لێ كەوتووەتەوە. ڕاستیتان بوێت ئێرانییەكان ئەو فیلمەیان بۆ گوێگر و بینەری هەرێم بەرهەم هێناوە و دەرخواردیان دەدات چونكە وای بۆ دەچن لەوێ درۆكان پتر باوەڕ دەكرێن نەك ڕاستییەكان. ئێرانییەكان ئەو فیلمەیان بۆ پاڵپشتیكردنی هاوپەیمانەكانیان لەناو هەرێم بەرهەمهێناوە و ئامانجێكی سەرەكیشیان لێی قووڵتركردنی ناكۆكی و پەرتەوازەیی ناو كورد بووە. هەر لە یەكەم چركەساتەكانی بڵاوبوونەوەی فیلمەكە، بەشێكی زۆری ئەو میدیا كوردییانەی هەرێم كە ئێران بە میحوەری مقاوەمەیان دەزانێ كاریان بۆ ئەوە كرد كە ئەو درۆ دە دەقەییە بە باشترین شێوە لە زەینی گوێگرانی هەرێمدا جێی خۆی بكاتەوە.
لێرەدا پرسیاری سەرەكی ئەوەیە بۆچی دەبێ ئیرهابی فكری و شەپۆڵی میدیایی و گۆبڵزیزمی ئێرانی بتوانێ دەست بەسەر بیر و هۆشی بەشێك لە كۆمەڵگەی هەرێمدا بگرێت؟ هەروەك پێشتریش باس كرا ڕق لە پارتی وەڵامە دروستەكە نییە. ئێرانییەكان وەڵامەكە دەزانن. دەمێنێتەوە ئێمەی كورد بتوانین وەڵامەكە بدۆزینەوە و كار بۆ چارەسەركردنی ئەو ئاشوبە فكری و سایكۆلۆژییە بكەین كە تەنانەت لە بەرانبەر ئەهریمەنێكی وەك داعشیش توانای هەڵوێستوەرگرتن و ڕووبەڕووبوونەوەی نەبووە.