په‌كه‌كه‌ له‌ حزبێكی ئایدۆلۆژی ده‌گۆڕێ بۆ ره‌وتێكی ئاینی مه‌زهه‌بی

خواكوڕك

پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ساڵی 1978 له‌ باكووری كوردستان له‌سه‌ر ده‌ستی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان راگه‌یانرا و بیری شۆرشی رزگاری خوازی نه‌ته‌وه‌یی، له‌سه‌ره‌تادا به‌سه‌ر هزر و چاڵاكیه‌ سیاسیه‌كانی ئه‌و پارته‌دا زاڵ بووه‌. به‌ڵام به‌تێپه‌ڕبوونی كات و گۆڕانی دۆخی سیاسی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان، په‌كه‌كه‌ له‌ دروشمی نه‌ته‌وه‌خوازی په‌ڕیوه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی دروشمه‌كانی خۆسه‌ری دیموكراسی و ئازادی گه‌لان، له‌ ئێستاشدا له‌ چوارچێوه‌ی ئایدۆلۆژیای ره‌وتێكی ئاینی مه‌زهه‌بی خۆی نمایش ده‌كات.

گۆڕانكاریه‌ خێراكانی بیری سیاسی و شتراتیژی په‌كه‌كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌سگیركردنی ئۆجه‌لان، رێبه‌ر و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و حزبه‌ و هاتنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی ره‌وتێكی نوێی عه‌له‌وی، كه‌ هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئێران و بلۆكی شوعی هه‌نگاو ده‌نێت، ده‌ركه‌وتنی نیه‌تی زیاتری ئه‌م ئاراسته‌یه‌ش له‌سه‌رده‌می جه‌میل بایك هاوسه‌رۆكی ئێستای په‌كه‌كه‌ زیاتر ده‌ركه‌وت.

به‌هاری عه‌ره‌بی بۆ زۆر له‌ گرووپ و ئایدۆلۆژیا و هێزی ده‌ره‌كی، ده‌رفه‌تێكی باش بوو تاوه‌كو خۆیان له‌چوارچێوه‌ی چاڵاكی مه‌یدانی و گرتنه‌ ده‌ستی سوڵته‌ی شاره‌كان ببیننه‌وه‌، به‌تایبه‌ت گرووپه‌ ئیسلامیه‌ تووندڕه‌وه‌كان. ‌هاوكات له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا په‌كه‌كه‌ له‌رێگه‌ی گرووپه‌ چه‌كداره‌كانیه‌وه‌،‌ بۆ یه‌كه‌مین جار حوكمی شاریان كه‌وته‌ ده‌ست. هێزێكی دیكه‌ش كه‌ توانی سوود له‌ شۆرشی عه‌ره‌بی وه‌ربگرێت، ره‌وتی ئایدۆلۆژی و پڕۆژه‌ی شیعه‌گه‌رایی ئێرانی بوو.

دۆسیه‌ی سوریا و یه‌مه‌ن و شكستی به‌هاری عه‌ره‌بی له‌و وڵاتانه‌دا بۆ ئێران باشترین مه‌یدانی گه‌شه‌پێدانی بیری ره‌وته‌ مه‌زهه‌بیه‌كه‌ی بوو، كه‌ له‌و ‌رێگه‌یه‌وه‌ توانی هێزی چه‌كداری و بیری مه‌زهه‌بگه‌رایی خۆی بۆ زۆر سنووری دیكه‌ و نێو هێزی دیكه‌ بگوازێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌ نێو عه‌ره‌بی شیعه‌ی عێراق و یه‌مه‌ن و ئه‌و چه‌كدارانه‌ی په‌كه‌كه‌ كه‌ به‌رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌شار ئه‌‌سه‌د، حوكمی شاره‌ كوردیه‌كانی رۆژئاوای كوردستانیان گرته‌ ده‌ست.

ئێران توانی له‌رێگه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌ دژبه‌ره‌ مه‌زهه‌بیه‌ی له‌نێوان عه‌ره‌بی شیعه‌ و سوونه‌ په‌یڕه‌وی بكات، ده‌سه‌ڵاتێكی خوینرێژ و زۆردار له‌سوریا و گرووپێكی چه‌كداری تووندڕه‌وی مه‌زهه‌بی له‌ عێراق و یاخی بووه‌كانی یه‌مه‌ن دروست بكات، كه‌هه‌موو ئه‌و هێز و ده‌سه‌ڵاتانه‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی و دروشمه‌كانی ئێران له‌ سیاسه‌ت و ستراتیژی و ئاڵاو دروشمه‌كانیان، ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌.

له‌ ئێستادا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هێزه‌كانی سه‌ر به‌حه‌شدی شه‌عبی كه‌له چه‌ندین گرووپی بچووك بچووك پێكهاتوون، وێنه‌ی ئه‌و چه‌كه‌ی له‌ ئاڵای پاسدارانی ئێران داهه‌یه‌ له‌ ئاڵای ئه‌وانیش هه‌یه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ ئاڵای گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی حوسیه‌كانی یه‌مه‌ن و هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ و یه‌په‌گه‌ و یه‌به‌شه‌ و هێزی ئێزیدخان و ته‌واوی گرووپه‌ چه‌كداریه‌كانی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌ و حه‌شدی شه‌عبی هه‌ن، یا هه‌ر گرووپێكی دیكه‌ی چه‌كداری كه‌له‌ سیاسیه‌تی ره‌وتی ئاینی مه‌زهه‌بی شیعه‌ نزیكن بن.

سه‌رجه‌می ئه‌و گرووپه‌ چه‌كداریانه‌ی له‌ په‌كه‌كه‌وه‌ نزیكن و له‌ ناوشاره‌كانی رۆژئاوای كوردستان و شه‌نگال بڵاوبوونه‌وه‌ته‌وه‌، له‌كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی گرته‌ ڤیدیۆیی و ده‌ركه‌وتنیان له‌ میدیاكاندا هاوشێوه‌ی حوسیه‌كان و چه‌كدارانی ئێرانی ده‌مامكدار و تۆقێنه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ و دیمه‌نی كاولكاری له‌ وتاره‌كانیان هه‌ست پێ ده‌كرێت سەر بەستی رەش و سوور دەكەنە سیمای خۆپێشاندان و هێزەكانیان.

Back to top button