سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دادی عێراق کرد

 

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ١\٢\٢٠٢١ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سالار عەبدولستار محەمەد وەزیری دادی عێراق کرد.

لە دیدارێکدا دۆخی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق و کاری وەزارەتی دادوەری و دامەزراوەکانی ئەو بوارە تاوتوێ کرا و جەخت لە گرنگی و پێویستیی پاراستنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان کرایەوە.

پێویستیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان لایەنە پەیوەندارەکانی هەردوو وەزارەتی داد لە عێراق و هەرێمی کوردستان و میکانیزمی ئەو هاوکارییە و چۆنیەتیی هەماهەنگی نێوانیان، کێشە یاسایییەکان بەتایبەتی دەربارەی موڵکداری و خاوەنداریەتی لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ی دەستوور و سوودوەرگرتنی وەزارەتی دادی هەرێمی کوردستان لە خول و ڕاهێنانەکانی وەزارەتی دادی عێراق، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.

Back to top button