دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان روونکردنەوەیەک بڵاو دەکاتەوە
لە ڕاگەیاندراوێکدا ، دەزگای رۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ، ئیدانەی چەواشەکاری میدیاکانی چەواشەکار و سێبەری هەندیک لایەن دەکات کە هێرشی ناڕەوا دەکەنە سەر چالاکانی پارتی و بە ناوی ئەوانەوە لێدوانی نابەجێ و ناڕەوا بڵاو دەکەنەوە .
دەقی روونکردنەوە کە
ماوەیەكە لە ژمارەیەك میدیا و تۆڕی كۆمەڵایەتی گوماناوی هەڵمەتێكی نابەجێی لەدژی كادیرە چالاكەكانی پارتیمان دەستی پێكردووە كە تێیدا لێدوان و نووسینیەكانیان یان دەشێوێندرێن یانیش بە درۆ لێدوان و بۆچوونی بێسەروبەر و نادروست بەناوی بەرپرس و كادیرانی چالاكی پارتی بڵاو دەكرێنەوە. ئێمە دەزانین كە ئەم جۆرە كارە ناڕەوایانە بەشێكن لەو ئیرهابە فكری و شەڕە دەروونییەی كە بەرانبەر خەڵكی نیشتیمانپەروەر و خاوەن پڕەنسیپی كوردستان لە ئارادایە بۆ ئەوەی لەكەدار بكرێن و بتۆقێندرێن.
لێرەدا وێڕای سەركۆنەكردنی ئەم جۆرە هەڵسوكەوتە دژەكولتووریی و نامۆیە، خەڵكی خۆشەویستی كوردستان لەوە دڵنیا دەكەینەوە لەگەڵ بوونی ئەو هەوڵ و هەڵمەتە نابەجێیەش، كەوادیر و لایەنگرانی پارتی و تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی كوردستان پێداگیرتر دەبن لە بەرگریكردن لە بەها و ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و هیچ جۆرە ئیرهاب و چەواشەكارییەك كاریان لێ ناكات.
دەزگای ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان