سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێشوازی لە سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق کرد

 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێشوازی لە سالار عەبدولستار، وەزیری دادی عێراق کرد و داوایەکی ئاراستەی وەزارەتەکەی و دەزگا دادوەرییەکانی عێراق کرد لەبارەی ئەو کارە نایاساییانەی بەرامبەر ماڵ و زەویی جوتیارانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەکرێن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (دووشەممە، 1-2-2021) پێشوازی لە سالار عەبدولسەتار، وەزیری دادی عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان دەسەڵاتی دادوەری و دادگاکان و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا، بەتایبەتی گرنگيی هەماهەنگیكردن لە بواری بەشداریکردن و ئامادەبوون لە کۆڕ و نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە دیدارەکەدا هەروەها ، جەخت لە گرنگیی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و کەسوکاری شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق کرا.

سەرۆکی حکومەت داوای کرد، وەزارەتی دادی فیدراڵی و دامودەزگا دادوەرییەکانی عێراق، ڕۆڵی گرنگ و ئەرێنی خۆیان بگێڕن لە سنووردانان و ڕێگریکردن لەو کارە نایاسایی و دەستدرێژییانەی دەکرێتە سەر موڵک و ماڵ و زەوی هاووڵاتییانی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان و کارکردن بۆ نەهێشتنی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی ئەو ناوچانە.

Back to top button