سەرۆکی حکومەت سەردانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات

 

لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان ، كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ، ئاشکرای دەکات ، مەسرور بارزانی بۆ چاوەدێری پرۆژەکانی پارێزگا سەردانی هەڵبجە دەکات .

جێگری پارێزگاری هەڵەبجە هاوکات ئاماژە بەوە دەکات “حكوومەت بڕیاری داوە چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ پارێزگای هەڵەبجە بخاتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەمەش هەنگاوێكی باش دەبێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی هەڵەبجە

سەبارەت بە پێشکەوتنی پرۆژەکان لە پاریزگای هەڵەبجە کاوە عەلی گوتی : “شەقام و پردی توە قووت، دیزاینێكی نوێی بۆ كراوە و بڕی بودجەی تەرخانكراویش بۆ ئەو مەبەستە، 25 ملیار دینارە، كە بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە، دەروازەیەكی نوێ بۆ هەڵەبجە دەكرێتەوە و لە ڕوی ئابووری و گەشتییارییەوە گرنگییەكی زۆری بۆ پارێزگاكەمان دەبێت، كە سەرەتای مانگی ئادار، سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو دەبن”.

سەبارەت بە ناوچەی پیشەسازی هەڵەبجەش کە یەک لە پرۆژە گرینگەکانی حکومەتە ئاشکرای دەکات : “ناوچەی پیشەسازیی قورس لە هەڵەبجە بەردی بناغەی بۆ دادەندرێت، كە لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لەسەر ڕووبەری 400 دۆنم زەوی جێبەجێ دەكرێت و كارەكانیشی بەرەو تەواوبوون دەڕۆن”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: وێڕای ئەوەی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە لە لایەن حکومەتە دادەندرێت “جووتسایدی هەڵەبجە – سەیدسادق بودجەكەی 88 ملیار دینار بوو، كە ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ كراوە و بڕێك پارەش لە پڕۆژەكە ماوەتەوە، بۆیە داوامان كردووە پارەكەی بۆ دانانی ڕاگر تەرخان بكرێت، تاكو شۆفێران لە مەترسی بپارێزرێن و لایەنی پێوەندیداریش بەڵێنی داوە ئەو پارەیەی ماوەتەوە، بۆ شەقامەكە تەرخان بكرێتەوە”.

لە کۆتاییدا وەک کاوە عەلی ئاماژەی پێدەکات ، مەسرور بارزانی بەڵێنی داوە سەردانی پارێزگای هەڵەبجە بكات، دوای تەواوكردنی ئامادەكارییەكانیش، تاكو سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵ، لەلایەن سەرۆكوەزیرانەوە بەردی بناغەی ئەو پڕۆژانە دادەندرێت

Back to top button