سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە: جووڵەپێکردنی پێشمەرگە بەرەو مەخموور بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشە

چەند ڕۆژێکە چەکدارانی داعش لە زۆر ناوچە دەستیان بە جووڵەی زیادتر کردووە و سوپاسالاری پێشمەرگەش رایده‌گه‌ێنێت: زانیارییان ھەیە داعش تاکتیکی گۆڕیوە و لەبارەی جووڵەپێکردنی پێشمەرگەش بەرەو مەخموور، ئاشکرای کرد، چوونی پێشمەرگە بۆ مەخموور لەبەر مەترسییەکانی داعشە.

فەریق جەمال ئێمینکی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ناوچەکانی خانەقین و قەرەتەپە و جەبارە تا ڕۆژئاوای کەرکووک و دەگاتە مەخموور ڕۆژ بە ڕۆژ جووڵەی چەکدارانی داعش زیادتر دەبێت، ھۆکارەکەیشی بۆ ھەبوونی بۆشاییی ئەمنی دەگەڕێتەوە، چ لەنێوان ھێزە عێراقییەکان خۆیان بێت، یان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان، تیرۆریستانی داعش ڕەوشەکەیان قۆزتووەتەوە بۆ دەستپێکردنی جووڵەی زیادتر، لە ھەندێ ناوچەش بە ئازادی ھاتوچۆ دەکەن، ھەتا ڕۆژ بە ڕۆژ تیرۆریستانی داعش تاکتیکی خۆیان دەگۆڕن.

دەشڵێت: ئێمە و عێراقیش نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن، تا ئەو بۆشاییە ئەمنییەی پەیدا بووە پڕ بکرێتەوە و ڕێگری لە جووڵەی داعش بکەین، ئەویش لە ڕێگەی جێگیرکردنی ھێزی ھاوبەش.

فەریق جەمال ئێمینکی سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: بەردەوام ڕێنمایی و زانیاری دەدرێتە ھێزەکانی پێشمەرگە لە سەنگەرەکانی پێشەوە، ڕۆژانە زانیاریی ھەواڵگەری دەدرێتە یەکەکانی پێشمەرگە، سرووشتی ھەندێ ناوچە ھاوکارە بۆ ئەوەی چەکدارانی داعش تێیدا کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، لەوانەش دەوروبەری خانەقین و چیای قەرەچۆغ، پێشمەرگە لە ئامادەباشیدایە و ڕێگە بە ھیچ کردەوەیەکی تیرۆریستی نادەن.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاندووه‌: دەڤەری مەخموور و گوێڕ و چیای قەرەچۆغ یەکێکە لەو دەڤەرانەی داعش تێیدا جووڵە دەکات، لەبەر ئەوەش تەنیا لەو میحوەرە ھێزی پێشمەرگە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشی و چوونی ھێزی پێشمەرگەش بۆ سنووری مەخموور بەھۆی مەترسیی چەکدارانی داعشە، لەبەر ئەوەی داعش جووڵەی ھەیە لەو سنوورە و پێویستە پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدا بێت.

Back to top button