هەفتەی داهاتوو بۆ کۆبوونەوەی یەکلاکەرەوە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا
شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو کارتەکانی خۆی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا خستە بەردەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق و لیژنەی دارایی پەرلەمان، بڕیاریشە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بۆ دواکۆبوونەوە بچێتەوە بەغدا.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو دەقەیە کە تایبەتکراوە بە پشکی ھەرێم لەنێو رەشنووسی بودجەی 2021، لەوە بترازێ ھەر دەقێکی دیکە کە لە چوارچێوەی یاسا و دەستوور نەبێت، رەتی دەکەنەوە. لایەنە شیعەکانیش بە فرەبۆچوونیی خۆیانەوە، داوای تەواوی دۆسیەی نەوتی ھەرێم دەکەن، ئەمەش خاڵی ناکۆکیی شاندی ھەرێم و بەغدایە.
دیار بەرواری، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی رادەستکردنی هەموو فایلەکان، بابەتێکی نادەستووری و نایاساییە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی رازی نابێت، ئەگەر نا چ بەدیلێکی دیکە هەبێت، ئێمە رازین گفتوگۆی لەسەر بکەین.
حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، خاڵە ناکۆکەکان لەسەر کێشەی تەکنیکی و ژمارەکانە، ئەوەش پەیوەستن بە ژمارەی فەرمانبەرانی ھەرێم کوردستان، چاودێریکردنی دیوانی چاودێریی فیدراڵی و دەستەی نەزاھەی ناوەندی لەسەر چەند کەرتێک لەنێو ھەرێمی کوردستاندا. ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ شەفافیەت لەو دۆسیانە.
بڕیارە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو جارێکی دیکە شاندی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە بەغدا و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دواکۆبوونەوە بۆ رێککەوتن بکات، چونکە ھەر لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو، بڕیارە پەرلەمانی عێراق رەشنووسی پڕۆژەبودجەی ساڵی 2021ـی عێراق بخاتە دەنگدانەوە بۆ پەسەندکردنی.