جەعفەر شێخ مستەفا: ئێستاش کات درەنگ نییە و دەکرێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆی زیاتر چارەسەری کێشەکان بکرێت

جێگرى یه‌كه‌مى سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی خەباتیان بۆ کرد لەگەیشتن بە ئازادی، ھەبوونی وڵات، دەوڵەتی سەربەخۆ و ژیانێکی باشتر بۆ هاووڵاتییان، بە ھۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی و ھەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ زۆرێک لە خەون و ئاواتەکانیان نەھاتنە دی.

جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری یه‌كه‌مى سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە نوسینێکدا لە پێگه‌ى تایبه‌تى خۆی لە تۆڕى كۆمه‌ڵایه‌تى فەیسبووک نوسیوویه‌تى، ئێمە خەباتمان کرد لە پێناو ھیوا و خەونەکانمان بۆ گەیشتن بە ئازادی و ھەبوونی وڵات و کیانێکی سەربەخۆ، بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدەکانیشمان بە فیڕۆ نەچێت و میللەتەکەیشم بە ژیانێکی شایستە بژین، بەڵام لە دوای ڕاپەڕینەوە بە ھۆی پەرتەوازەیی و نەبوونی یەکڕیزی و ھەڵگیرسانی شەڕی نەگریسی ناوخۆ بەداخەوە زۆرێك لە خەون و ئاواتەکانمان نەھاتنە دی.

جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ى بەوەشكردووه‌، ئەگەر ئێمە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و یەک گوتاریمان برەو پێ بدابایە، ھەموومان لە سەرەتای لە دایكبوونی حکوومەت و پەرلەمانەوە پاڵپشت و ھاوکاری ئەو دامەزراوانە بووباین، دڵنیام ژیانێکی شایستەتر لە ئێسته‌ بۆ خەڵك دابین دەکرا، ھەرچەندە ناکرێت گشت دەستکەوتەکانی حکوومەت بەلاوە بنێین و لەبەر چاو نەگیرێت.

ڕوونكراوه‌ته‌وه‌، مافی خەڵکە کە داوای مافی ڕەوای خۆیان بکەن، بۆیە پێویستە گوێیان لێ بگیرێت و ژیانێکی زیاتر لەوەی کە هەیە بۆیان دابین بکرێت، ئێستایش کات درەنگ نییە و دەکرێت بە ڕاوێژ و گفتوگۆی زیاتر چارەسەری کێشەکان بکرێت و لێبوردەبین بەرانبەر یەکتر و دەست لە ناو دەست بین بۆ ساڕێژکردنی برینەکان.

Back to top button