بافڵ تاڵەبانی هەڕەشەی تووند لە بەرپرسانی یەكێتی و مافیاكانی سلێمانی دەكات
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، هەڕەشە لەو گرووپ و مافیایانە دەكات كە لە سلێمانی بوونەتە مەترسی لەسەر هاووڵاتییان و دەڵێت، رێ بە هیچ كەس و لایەن و گرووپێك نادەین ئارامی شاری سلێمانی بشێوێنن.
ئەمڕۆ شەممە ٦ی شوبات، بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە كۆبوونەوەی مەكتەبی رێكخراوە دیموكراتەكانی یەكێتی گوتی، رێ بە هیچ كەس و لایەن و گرووپێك نادەین ئارامی شاری سلێمانی بشێوێنن.
باسی لەوەش كرد، هیچ پێشێلكارێك بێ سزا دەرناچێت و پێشێلكردنی یاسا لە هیچ كەسێك قبووڵ ناكەین لە هەر ئاستێكدا بێت، داوا دەكەم هیچ كەسێك تاقیمان نەكاتەوە، چونكە زیان دەكات.
ڕوونی كردەوە، دوو ڕۆژی ڕابردوو لەلایەن كوڕی سەركردایەتییەكی یەكێتی، تەقە كراوە، ئێستە دوو كەس گیراون و دەدرێن بە دادگا، ئێمە بەڵێنمان بەو شارە داوە كە ئەو شارە پاك دەكەینەوە.
ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو كوڕی قادر عەزیز كۆنە سكرتێری حزبی ئایندە و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی ئێستەی یەكێتی، لەگەڵ چەند پاسەوانێكی باوكی، تەقەی لە بەرپرسێكی هێزە تەناهییەكان كردبوو.