ھەرێمی کوردستان له‌ چه‌ند مانگی رابردوو ئه‌مڕۆ كه‌مترین ژماره‌یی تووشبوون به‌ كۆرۆنا تۆماركرا

 

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٤ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کراوە و، بەمەش کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە ١٠٦ ھەزار و ٤١٩ حاڵەت و گیانلەدەستدانیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گەیشتە سێ ھەزار و ٤٨٥ کەس.

 

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی وەزارەتەکەی لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە کە تیاییدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە لەمیانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا لە ئەنجامی سێ ھەزار و ٦٠٧ پشکنین، ٢٤ تووشبووی نوێ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، ھاوکات لەو ژمارەیەش چوار کەس بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ دوانییان له‌ پارێزگای دهۆك و دوانیان له‌ پارێزگای سلێمانی تۆماركراون.

 

لە راگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستاندا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماری تووشبووان و گیانلەدەستدان لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا بەم شێوەیەی خوارەوە تۆمارکراوە:

 

لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر، سێ حاڵەت، سلێمانی دوو حاڵەت، دھۆک ١٦ حاڵەت و، ئیدارەی گەرمیانیش سێ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون.

 

لە بەشێکی راگەیاندراوەکە ئاماژە بەوەشدراوە کە لە ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٣٥ نەخۆش دوای چارەسەری پزیشکی چاکبوونەوەتەوە و، گەڕاونەتەوە نێو خێزانەکانییان.

 

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان، کۆی گشتی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە ھەرێمی کوردستان گەیشتووەتە ١٠٦ ھەزار و ٤١٩ تووشبوو،  لەنێویاندا سێ ھەزار و ٤٨٥ حاڵەتی گیانلەدەستدان ھەبووە

 

وەزارەتی تەندروستیی ھەرێمی کوردستان وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، داوای لە ھاووڵاتییان کردووە پابەندبن بە رێنماییەکانی تەندروستیی و دوورکەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵخ و دانانی ماسک و دەستکێش، ھەروەھا لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە ھێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢) بکەن

 

Back to top button