نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتوو دەکات

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەنجامداو پیرۆزبای ساڵیادی دامەزراندنی یەکگرتووی لێکرد و ”جەختی لە رۆڵی دیار و بەرچاوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک لایەنێکی گرنگ لە پرۆسەی سیاسی و لە ژیانی پەرلەمانیدا له‌ هه‌رێمی کوردستان کردەوه‌.”
27 ساڵ لەمەوبەر یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دامەزراوە، بەم بۆنەیەوە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەنجامدا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا کە ئەمڕۆ شەممە 06-02-2021  لەگەڵ ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو ئەنجامی داوە رایگەیاندووە ”پیرۆزبای بیست و حەوتەمین ساڵیادی راگەیاندنی یەکگرتووی لە بەڕێزتان و سەرکردایەتی و ئەندامان و دۆستان و لایەنگرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.”
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان “نێچیرڤان بارزانی باسی لە کاروانی خزمەت و خەباتی یەکگرتوو و کرد و جەختی لە رۆڵی دیار و بەرچاوی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان وەک لایەنێکی گرنگ لە پرۆسەی سیاسی و لە ژیانی پەرلەمانیدا له‌ هه‌رێمی کوردستان کردەوه‌.”
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاوتووە “مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین، سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی بۆ پەیوەندی و پیرۆزبایییان لە یادی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستاندا کرد و هەردوولا داکۆکییان لە پێویستی و گرنگیی پاراستنی یەکڕیزی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.”
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ساڵی 1994 دامەزراوە و ئەمیندارەکەی سەلاحەدین محەممەد بەهائەدینە، کە لە ساڵی 1950 لە هەڵەبجە لە دایکبووە و لە ساڵی 1994 بە یەکەم سکرتێری ئەو حیزبە هەڵبژێردراوە.
Back to top button