قوباد تاڵەبانی وەڵامی هەموو ئەو كەسانە دەداتەوە کە باس لە مامەڵەی سلێمانی لەگەڵ بەغدا دەكەن
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێیوانییە حکومەتی ناوەندیی راستەوخۆ بتوانێ مامەڵە لەگەڵ پارێزگاکان بکات، ئەو دەڵێت، سلێمانی بەشی پێویست نەوتی نییە و نیوەی زیاتری مووچەی فەرمانبەرانیش بۆ ئەو سنوورەیە، چۆن بەغدا پارەی بۆ دەنێرێ؟.
ئەمڕۆ یەكشەممە ٧ی شوبات، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی سەباح كە زمانحاڵی فەرمیی حكوومەتی عێراقە، دەڵێت، بۆ مامەڵەی ڕاستەوخۆی بەغدا لەگەڵ سلێمانی، كەسانێك لە هەندێ پارێزگا ئەم پرسەیان ورووژاندووە. من پرسیار دەكەم ئایا حكوومەتی ناوەندیی ئامادەیە پارە بۆ یەك پارێزگای هەرێمی كوردستان بەشێوەی راستەوخۆ بنێرێت؟.
تاڵەبانی دەڵێت، پارێزگای سلێمانی بۆ مووچە و خەرجی فەرمانبەرانی پێویستی بە 400 ملیۆن دۆلارە، ئایا حكوومەتی ناوەندیی ئامادەیە ئەو كارە بكات، لەكاتێكدا سنوورەكە نەوتی پێویستیشی نییە و تەنیا 11%ـی نەوتی هەرێمی كوردستان لەو سنوورەیە و بەرهەم دەهێنرێت.
ئەو گوتانەی قوباد تاڵەبانی لە كاتێكدایە، ئێستە گرووپێكی نەیار و بەكرێگیراو دروشمی ڕاستەوخۆ مامەڵەكردنی سلێمانی لەگەڵ بەغدایان بەرز كردووەتەوە، هەوڵی جەنجاڵكردن و ماندووكردنی دەروونی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەدەن.