عەلی تەتەر: جێگەی داخە یەكێتی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاری نییە

خواكوڕك
ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لێك تێگەیشتنی باش هەیە و سەركردایەتی یەكێتی بە هەموو باڵەكانیەوە پێشوازی لە دەستپێشخەرییەكەی پارتی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كردووە.
(دكتۆر عەلی تەتەر ) ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند:” تا ئێستا كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناغە ئیجابی بوون و لێكتێگەیشتن لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دا هەیە، دیارە كەپێشتر پارتی و یەكێتی لە زۆر وێستگەدا پێكەوە بەرگرییان لە كوردستان كردووە، بەتایبەتی دوای ئازادكردنی عێراق و ڕێكەوتنی ستراتیژیی نێوان هەردوو حزب لە بەرژەوەندی میللەتی ئێمەدا بووە، هەركاتێك ڕێكەوتن لە نێوان پارتی و یەكێتیدا هەبووبێت، كورد یەكدەنگتر بووە و لە بەغداش بەهێزتر بووە، لایەنەكانی دیكەش كە دەبینن پارتی و یەكێتی ڕیكن، ئەوانیش دێنە نێو ڕێكەوتنەكەوە “.
ئەندامەكەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی جەخت دەكاتەوە لەوەی كە كلیلی چارەكردنی كێشەكان لای یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، ئەگەر یەكێتی بە دڵ و گیان بێتە پێشەوە بۆ چارەكردنی كێشەكان و قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، ئێمە ئەو باوەڕەمان هەیە لایەنە سیاسییەكانی دیكەش ئامادە دەبن و كێشەكان چارە دەكرێن.
دكتۆر عەلی تەتەر ڕاشیگەیاند:” ڕاستە لە ئێستادا یەكێتی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاری نییە، ئەوەش بۆ ئێمە جێگەی داخە، بەڵام ئەگەر یەكێتی خاوەنی ناوەندێكی بڕیار بووایە، بێگومان بۆ ئەوان و بۆ ئێمەش زۆر ئاسانتر دەبوو بگەینە ئەنجامێك “.

Back to top button