مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە بنەماڵەی “شەهیدی ئاڵا” مامۆستا ئیبراهیم سەباح دەكات
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەكدا سەرەخۆشی لە بنەماڵەی “شەهیدی ئاڵا” مامۆستا ئیبراهیم سەباح دەكات، كە دوێنێ لە یەكەم رۆژی دەوامی قوتابخانە لەكاتی ھەڵكردنی ئاڵای كوردستان گیانی لەدەستدا.
لە پرسەنامەی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان ھاتووە: “بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی شەهیدبوونی مامۆستا (ئیبراهیم سەباح) م بیست کە لە یەكەم ڕۆژی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لە كاتی هەڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە قوتابخانەی بنەڕەتیی سۆركی شەقڵاوە گیانی لەدەستدا. پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدی ئاڵا مامۆستا ئیبراهیم سەباح و كەسوكار و مامۆستایانی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامی و دڵنەواییش بە هەمووان ببەخشێت”.