ئومێد خۆشناو: دەمانەوێت بە پشتیوانیی ئێوە ناونیشانی پۆستی پارێزگار بکەینە خزمەتکار

 

 

ئومێد خۆشناو، دوای وه‌رگرتنی متمانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و هه‌ڵبژاردنی وه‌كوو پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، كه‌ كار بۆ خزمه‌تكردنی هه‌موو سنووری پارێزگای هه‌ولێر به‌ هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ ده‌كات.

پارێزگاری هەڵبژێردراو لە گوتارەکەی ئەمڕۆیدا لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، پەیمانی دا بە یەکسانی خزمەتی هەموو لایەنەکان بکات، هەم ئەوانەی دەنگیان پێداوە، ئەوانەش کە دەنگیان پێنەداوە.

ئومێد خۆشناو گوتیشی خزمه‌تكاری گه‌ڕه‌ك به‌ گه‌ڕه‌ك و ناحیه‌ و شارۆچكه‌كانی سه‌ر به‌ هه‌ولێر ده‌بین، هه‌ر فراكسیۆنیك ده‌نگی به‌ ئێمه‌ نه‌دابێ، پێش ئه‌وه‌ی خزمه‌تكاری ئه‌و ده‌نگده‌رانه‌ بین كه‌ ده‌نگیان پێ داین، خزمه‌تكاری ده‌نگده‌رانی ئه‌و فراكسیۆنانه‌ ده‌بین كه‌‌ ده‌نگیان به‌ ئێمه‌ نه‌دا.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا باسی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێری کرد و رایگەیاند پلان و کارنامەکانی فرسەت سۆفی، هاوڕێی هەمیشە لەیادم جێبەجی دەکەین.

ئومێد خۆشناو ناوی ئومێد عەبدولڕەحمان حەسەن و لەدایكبووی یەكی حوزەیرانی 1977ـە هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم و بەكالۆریۆس لە ڕاگەیاندنە و ماستەری لە یاسای گشتی بەدەستهێناوە, پێش بوونی بە پارێزگاری هەولێر سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە لە پەرلەمانی كوردستان.

Back to top button