وەزارەتی دارایی و ئابوری لەبارەی مووچەی بەشێك لە فەرمانبەران روونكردنەوە دەدات

وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان روونكردنەوە دەدات.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌ت:
سەبارەت بە موچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەنداوەكانی هەرێم و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان. بە پێوستمان زانی بۆ هەموو لایەك ڕوونبكەینەوە كە:

1- كۆی گشتیی تەمویلی (پارەداركردنی) پێویست بۆ مووچەی یەك مانگی فەرمانبەرانی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار دەبێت.

2- لە كۆی ئەم بڕە پارەیە مانگانە حكوومەتی ناوەند نزیكەی ملیارێك و 862 ملیۆن دینارى بۆ چوار هه‌زار و 700 مووچەخۆری ڕەگەزنامەی هەرێمی ناردووە.

3- ئەو پارەیەش نزیكەی 25%ی مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەكات، واتە بە تەمویلی چوار مانگی بەغدا بۆ ئەم مووچەخۆرانە تەنیا دەتوانرێت مووچەی یەك مانگی پێ دابین بكرێت.

4- سەرەڕای ئەمەش هەریەك لە مانگەكانی 10 و 11 و 12ى ساڵی ڕابردوو، لەگەڵ مانگی یەكی 2021، هیچ بڕە پارەیەك لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمى كوردستان نەنێردراوە، تاوەكوو مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكان و ڕەگەزنامەی هەرێمى كوردستان دابەش بكرێت.

5- بەدەر لەوانەش، مانگی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەبێ لێبڕین، مووچەى بۆ بەڕێوه‌بەرایەتیی ڕەگەزنامەی هەرێمى كوردستان دابین كردووە.

6- ئێستا بەهۆی نەناردنی مووچەی ئەو بەڕێوه‌بەرایه‌تییانە له‌لایەن حكوومەتی فیدڕاڵەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی دادپەروەری بۆ هەموان بە هەمان میكانیزمی دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە، مووچەیان بەسەردا دابەش بكرێت.

Back to top button