وه‌زاره‌تى دارایی بڕیارێكى بۆ ژماره‌یه‌ك فه‌رمانبه‌ر ده‌ركرد

بڕەپارەیەك وەكوو هاندان بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی خانووبەرەی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.

بەپێی نووسراوێکی وەزارتی دارایی و ئابووریی حكوومه‌تى هەرێمی کوردستان، کە 7/2/2021 دەرچووە، ئاماژه بە ڕەزامەندیی خەرجکردنی بڕەپارەیەك كراوە بۆ فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی خانووبەرە، ناسراو بە تاپۆ.

لەو نووسراوە کە بۆ وەزارەتی داد نێردراوە، تێیدا هاتووە: “لەسەر ڕەزامەندیی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانى هه‌رێمى كوردستان، ڕازین بە خەرجکردنی 5%ی داهاتی وەزارەتی داد/ فەرمانگەکانی خانووبەرە”، جەخت له‌وه‌ کراوەتەوە ئەو دەرماڵەیە بۆ هاندانی فەرمانبەرانی فەرمانگەکانی خانووبەرەیە”.

حاكم لوقمان عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی تۆماركردنی خانووبەرەی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاند: “لە مانگی 8ی ساڵی رابردوودا بەهۆی هەڵەتێگەیشتنێك خەرجكردنی داهاتی هاندان بڕدرا، بەڵام دوای گفتوگۆكردن ئەو پارەیە خەرج دەكرێتەوە”.

گوتیشی: “داهاتی مانگانەی فەرمانگەكانی تۆماركردنی خانووبەرە هەمووی دەچێتەوە گەنجینەكان، پاشان بە چەك ئەو 5%ە وەكوو هاندان بۆ فەرمانبەرانی ئەو فەرمانگانە خەرج دەكرێتەوە”.

بەپێی زانیارییەکانيش، ئەو هاندانە بۆ هەر فەرمانبەرێك بڕەکەی لە نێوانی 160 هەزار دینار، بۆ 275 هەزار دینارە.

Back to top button