ڤاتیکان بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.

ڤاتیکان بە فەرمی بەرنامەی کاری سەردانەکەی پاپا فرانسیسی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و رایدەگەیێنێت، پاپا سەردانی بەغدا، شاری ئوور، نەجەف، هەولێر، موسڵ و قەرەقووش دەکات.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی ڤاتیکان، سەردانەکەی پاپا فرانسیس، بۆ عێراق لە 5ـی ئادار تاوەکو 8 ئاداری 2021 دەبێت. رۆژی 5ی ئادار پاپا رۆما جێدەهێڵێت و، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران پێشوازیی لێدەکات. پاشان بەرەو کۆشکی سەرۆکایەتیی بەڕێدەکەوێت و رێوڕەسمی پێشوازیی بۆ رێکدەخرێت و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمار و دواتریش لەگەڵ بەرپرسانی دیکە و کۆمەڵگەی مەدەنی و دیپلۆماتان کۆدەبێتەوە. دواتر بەرەو کەنیسەی سەیدە نەجاتی سریانیی کاسۆلیکی لە بەغدا بەڕدەبکەوێت و لەگەڵ پیاوانی ئایینی کۆدەێتەوە.

هەروەها له‌ ڕاگەیێندراوەکەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی ڤاتیکان ئه‌وه‌ش هاتووه‌ كه‌ :” رۆژی شەممە 6ی ئاداری 2021 پاپا بەرەو نەجەف بەڕێدەکەوێت، چاوی بە عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەوێت. دواتر دەچێتە شاری ئووری شوێنەواری و بۆ ئێوارەکەی لە بەغدا بەشداری لە رێوڕەسمی کەنیسەی مار یوسفی کلدانی دەکات. رۆژی 7ی ئادار پاپا لە بەغداوە بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت و چاوی دەکەوێت بە دەسەڵاتداران و پیاوانی ئایینی و پاشان بەرەو موسڵ بەڕێدەکەوێت و لەوێ نوێژ بۆ گیانی قوربانیانی جەنگ دەکات. دواتر سەردانی کەنیسەی تاهیرە گەورەی قەرەقووش دەکات و نوێژی موژدەدەری لەگەڵ خەڵک دەکات. دواینیوەڕۆکەیشی جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە هەولێر و لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری بەشداریی رێوڕەسمێک دەکات.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، رۆژی دووشەممە 8ی ئاداری 2021 پاپا دەگەڕێتەوە بەغدا و لەوێ رێوڕەسمی ماڵئاوایی بۆ رێکدەخرێت و دواتر عێراق جێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە ئیتاڵیا.

Back to top button