ئاژگەیی: لە پەرلەمانی ئەورووپا گفتوگۆمان لەسەر دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بهغدا كرد
نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا ڕایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورووپا لەگەڵ عێراق، باسیان لە پەیوەندیی هەرێم و بەغدا، بودجە و چالاكیی تیرۆریستانی داعش و، هەروەها دانوستانەكانی نێوان هەرێم و عێراق و جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال كردووە.
دلاوەر ئاژگەیی، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانى ڕاگهياندووه: “وەكو نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەورووپا، بەشداریمان لە كۆبوونەوەی فەرمیی لیژنەی پەیوەندییەكانی پەرلەمانی ئەورووپا كرد، كە لەگەڵ عێراق بەڕێوە چوو.”
لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەش، ئاژگەیی، دهلێت: “كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە بارودۆخی عێراق لە رووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە، كە تێیدا باڵیۆزی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق بانگهێشت كرابوو بۆ خستنەڕووی دوایین گۆڕانكارییەكان لە عێراق”.
ناوبراو دەشڵێت: “لە كۆبوونەوەكەدا وەكو نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تیشكمان خستە سەر چەند خاڵێك، لەوانە، پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، پرسی بودجە و دانوستانەكانی نێوان هەردوولا، زیاد بوونی چالاكییەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، كە هۆكارەكەی بۆ نەگەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە دەگەڕێتەوە، هەروەها باسمان لە گرنگیی جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگالیش كرد”.