مەسرور بارزانی باس لە دۆخی ئێستای ھەرێم و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەكات
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا باس لە دۆخی ئێستای ھەرێمی كوردستان و گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ دەكات.
دهقی گوتهكانی مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان:
ئەمڕۆ دوو بابەتی سەرەکی هەیە دەمەوێت قسەیان لەسەر بکەم، سەبارەت بە گفتوگۆ لەسەر بودجەی حکومەتی فیدراڵی و هەروەها بودجەی هەرێم، بابەت و تەوەری گفتوگۆی دووەمیش بەرنامەی چاکسازیی حکومەتی هەرێمە، ئەو هەنگاوانەی ئەنجاممانداون بەکوێ گەیشتوون.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێمە و بەغدا هەروەک دەزانن ئەمە چەندین جارە شاندی ئێمە سەردانی بەغدا دەکات بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێک لەسەر بودجەی عێراق و بەتایبەتی بەشی هەرێم لهو بودجەیەدا. ئێمە دەزانین عێراق بە بارێکی ناهەمواری ئابووریدا تێدەپەڕێت و داوامان کردووە ئەو بودجەیە، بودجەیەک بێت کە هەم بۆ خەڵکی عێراق بەشێوەیەکی گشتی و هەم بۆ خەڵکی هەرێمیش سوودمەند بێت و بتوانێت یارمەتیدەری خەڵکی عێراق بێت بە هەریمی کوردستانەشەوە.
داواکارییەکانی ئێمە ئەوەیه کە پێویستە ئەو بودجەیە لەسەر بنەمای دەستوور بێت و شەفاف بێت و شایستە داراییەکانی هەموولایەک لەبەرچاو بگیرێت، کەواتە لایەنێک لەسەر لایەنێکی تر ئەوە نەکاتە دەستکەوت، دواپێشنیازەکان هەروەک لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆش باسمان کرد، چەندین پێشنیاز هەبووە، یەکێک لەو پێشنیازانەی کە بەشی هەرێم چۆن لە بودجەکەدا جێگیر بکرێت، کە ئەو رێککەوتنەی لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا ئەنجامدراوە، ئەمەش ئامادەکاریی حکومەتی هەرێم بووە بە رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل، یانیش ئەقیامی نەوت بەو رێژەیە، لەگەڵ نیوەی ئەو داهاتە فیدراڵییانەی لە هەرێمی کوردستانەوە دێن، ئەمانە رادەست بکرێن بەرامبەر بەو شایستە داراییانەی کە حکومەتی فیدراڵی پێویستە بۆ هەرێمی دابین بکات.
بە ڕێزان ئەوەی گرنگە، خاڵێکە کە من دەمەوێت ئاماژەی پێبدەم ئەویش ئەوەیە، کێشەی ئێمە تەنیا مووچە نییە، شایستە داراییەکانی ئیمە تەنیا مووچە نین، زۆر بابەتی دیکە هەیە کە بەداخەوە وەکو پێویست باسیان لێ ناکرێت، ئەویش ئەو شایستە داراییانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێویستە لە حکومەتی فیدراڵیی وەریبگرێت، کە ئەوانیش بڵێین خەرجییە سیادییەکان، یانیش وەبەرهێنانە، مەسەلە خانەنشینییە، پێشمەرگەیە. زۆر لەو شایستە داراییانەی کە موازەنە دەدرێت، پپێویستە بەشی هەرێمی تێدا بێت و رەچاوبکرێت، کەواتە تەنیا بابەت، بابەتی مووچە نییە.
کێشەکانی هەرێمیش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تەنیا کێشەی بودجە بەشێوەیەکی گستی نییە، کێشەی دیکەش هەن: هێشتا ماددەی 140 ماوە، کە بابەتێکی دەستوورییە و تاوەکو ئێستا جیبەجێ نەکراوە، بابەتی پێسمەرگە هەیە کە تاوەکو ئێستا جیبەجێ نەکراوە، هەموو ئەو ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان تائێستا جیبەجێ نەکراوە، کەواتە ئێمە تاکو ئێستاش دەمانەوێت ئەمانە وەکو پاکێجیک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بگەینە ئەنجامێک بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەو گیروگرفتانە کە پێموایە لە ئەنجامدا یارمەتیی هەموو لایەک دەدات و بەڵام ئێستا کە مەسەلەی بودجە لەئارادایە، دەمویست ئەو خاڵانەتان پێبڵێم، ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت داکۆکیی لەسەر بکات، ئەو رێککەوتنەیە کە لەگهڵ حکومەتی بەغدا ئەنجاممانداوە، یانیش ناوەڕۆکی ئەو ئیتفاقییە بەشێوەیەک دابڕێژرێتەوە، کەواتە هەندێکجار دەبیستین کە ههندێك لە برادەران داوای رادەستکردنەوەی هەموو مەلەفی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، کە ئەمە پێموایە ئەسڵەن خاڵێکی دەستووری نییە، چونکە لە دەستووردا مافەکانی هەرێمی کوردستان دیاریکراون بە چ شێوەیەک مامەڵە لەگەڵ ئەو مەلەفە بکرێت، ئێمە بەهیچ شێوەیەک ئەوەمان قبوڵ نییە، کە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بەو شێوەیە پێشێل بکرێن، بەتایبەتی لەو حاڵەتەشدا.