وەزارەتی بەرگریی تورکیا ڕوونكردنه‌وه‌ له‌سه‌ر دابه‌زاندنى هێزه‌كانيان له‌ چياى گاره‌ ده‌دات

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، لە پێناو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەییاندا هێزیان لەسەر چیای گارە دابەزاندووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە کە ئۆپەراسیۆنەکە کاژێر 02:55ی بەیانیی رۆژی چوارشەممە 2021/02/10 دەستی پێکردووە.
بەپێی راگەیێنراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئاکامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیدا بە هاوئاهەنگی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیا و دەزگای هەواڵگریی میت لە ناوچەی گارە (باشووری کوردستان) هەشت گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
ئەوە لە کاتێکدایە میدیای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) کە باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە بڵاویان کردووەتەوە کە شەڕێکی قورس لە نێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا دەستی پێکردووە و ئێستا بەردەوامە.
سەربازانی تورکیا بە هێلیکۆپتەر دابەزێنراون و ئەو ئۆپەراسیۆنە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بە “چنگی پڵنگ 2” ناو نراوە.
هەروەها شەوی سێشەممە 2021/02/09 تورکیا لە سنووری ناحیەی دینارتەیش بۆردوومانی چەند ناوچەیەکی کردووە.
شەعبان خەلیل، بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە راگەیاند ، کە بۆردوومانەکە لە سنووری دینارتە تا نزیک کاژێر 05:00ی بەیانی بەردەوام بووە، چونکە بارەگای سەربازیی پەکەکە لەو ناوچەیەن و تاوەکو کاژێر 08:00ی بەیانی هێلیکۆپتەر بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا سووراوەتەوە.
شەعبان خەلیل ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیانی گیانیی کەسانی سڤیل نەبووە، تەنیا زیانی ماددییە.

شەعبان خەلیل ئەوەی خستەڕوو، کە شەش گوند لە سنووری ناحیەی دینارتە بۆردوومان کراون کە هەر شەشیان ئاوەدان نین و خەڵکیان تێدا ناژی.

بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە باسی لەوەیش کرد، کە فڕۆکەکانی تورکیا زیاتر لە 10 جار  گوندەکانی کافیا، بانیا گولێ، باغۆلا، سەرانیێ، ئاگلێ و گوندی هیزانێکی سەر بە ناحیەی چەمانکێیان بۆردوومان کردووە.
شەعبان خەلیل گوتیشی: “بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانی ئێمە تەنیا بارەگاکانی پەکەکە لەو سنوورە هەن، هەر لەبەر هەبوونی چەکدارانی پەکەکە و بۆردوومانەکانی تورکیا ئەو گوندانە چۆڵ کراون.”
 چیای گارە دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای دهۆک.
Back to top button