ئاسایشی سلێمانیی لە روونکردنەوەیەکدا باس له‌ شەڕەکەی ئه‌مرۆى بازگەی تاسڵۆجە ده‌كات

ئاسایشى سلێمانى روونکردنەوەیەکی لەبارەی شه‌ڕه‌كه‌ى بازگه‌ى تاسڵۆجه‌ بڵاوکردەوە و دەڵێت، “لە بازگەى تاسڵوجە لە کاتى تێپەڕبوونى ئۆتۆمبێلێکى سەر بە هێزەکانى پێشمەرگە، لەنێوان پێشمەرگەکان و کارمەندانى بازگەکە لێکتێنەگەیشتنێک روویداوە و لە ئەنجامدا بووەتە دەمەقاڵی و شەڕ، دواتر لەلایەن پێشمەرگەکانەوە بە چەقۆ هێرشکراوتە سەر چەند کارمەندێکى ئاسایش و بریندار کراون.”
لە روونکردنەوەکەدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە 10-02-2021 بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشى پارێزگاى سلێمانى بڵاویکردووەتەوە، هاتووە “بەداخەوە (عەریف/ شاخەوان ئەحمەد مەحموود) کارمەندانى ئاسایشی بازگەى تاسڵوجە بەهۆى سەختى برینەکەى شەهید بووە و پێنچ کارمەندى دیکە بریندار بوون.”

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، کە دواى دروستبوونى کێشەکە توانراوە بە هەوڵ و هیمەتى هەموولایەک ئاڵۆزییەکان کۆتایی پێ بهێنرێت و دەستبەجێ لێژنەى لێکۆڵینەوە پێکهێنرا بۆ ئەوەى یاسا بەرقەرار بێت، “هەردوولایەنى هۆکارى دروستبوونى کێشەکە بە فەرمانى دادوەر راگیراون.”

Back to top button