رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی راپۆرتێکی روانگەی ئەورو- ناوەڕاستی دەداتەوە

رۆژی 7/2/2021 روانگەی ئەورو- ناوەڕاستی راپۆرتێکی بەناونیشانی ( ئەشکەنجەدان و دەستگیرکردنی نایاسایی خۆپیشاندەران لە هەرێمی کوردستان) بڵاو کردۆتەوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوان دەستگیرکراون و لە دۆخێکی نالەباردان.

سەبارەت بە راپۆرتی ناوبراو د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەحکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان و گردبوونەوەی هاووڵاتیان بە یاسای (یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان ) ژمارە (11)ی ساڵی ٢٠١٠ رێکخراوە و بەپێی ئەم یاسایە هەر تاکێکی کۆمەڵگا بۆی هەیە کە گوزارشت لە رای خۆی و پیشاندانی خواستە رەواکانی خۆی بکات بەشێوەیەکی ئاشتیانە و مەدەنیانە و پاراستنی بەرژەوەندییە گشتی و تایبەتییەکان دوور لە ئاژاوەگێڕی و تێکدان. دەستگیر کردنی هەر کەسێک بەپێی بڕیاری دادورە دەبێت دوای ئەوەی لەلایەن دادوەر فەرمانی دەستگیر کردنیان بۆ دەردەچێت بەم پێیەش رێگا بە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەدرێت بە گرتن و پشکنین و بەدواداچوونی گومانلێکراوان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها وتی: لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا لە سنووری پارێزگای دهۆک چەند کەسێک داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان کردبوو بەناوی مامۆستایان بۆ داواکردنی مووچەکانیان، به‌ڵام داواكه‌یان ره‌تكرابوویه‌وه‌، چونکە بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەنجامدانی گردبوونەوەی جەماوەری قەدەغەیە، بەڵام وەک ته‌حه‌ددایه‌ك بۆ بڕیارەکان مکوڕبوون لەسەر ئەنجامدانی ئەم خۆپیشاندانە بێ گوێدانە مەترسییەکانی گردبوونەوە. بۆیە دەزگا ئيدارييةكان ناچاربوون بەپێی ماددەی (240) ی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە (111) ی ساڵی (1969) مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن و کارەکەیان بە سەرپێچی ئەژمارکراوە نەک تاوان، بەپێی ئەم ماددەیە هەر کەسێک سەرپێچی لە فەرمان و رێنماییەکان بکات، دەستگیر دەکرێت.

بۆیە ژمارەیەکیان راگیران بۆ ماوەیەکی کورت بۆ ئەوەی بڵاوەیان پێ بکرێت کە ژمارەیان نزیکەی (50 تا 60) کەس دەبوون، تەنیا (19) کەسیان نەبێت بەپێی بڕیاری دادگا دەستبەسەرکران، دواتر ئەوانیش بە کەفالەت ئازادکران”. وئەو کەسانەی بەشداریشیان لە گردبوونەوەکەدا ژمارەیەکی کەمیان مامۆستا بوون و ده‌یانویست خۆپیشاندانه‌كه‌ به‌ره‌و ئاقارێكی دیكه‌ به‌رن”.
لەو گردبوونەوەیەدا چەند کەسێک هانی خەڵکیان داوە بۆ توندوتیژی و ئەوانی دەستگیریش کراون هیچ کەرەستەی رۆژنامەنووسی و ناسنامەی رۆژنامەنووسیشیان هەڵنەگرتووە.

زێباری ئەوەشی راگەیاند لە هەندێک شوێنی تریش خۆپیشاندانەکان ئاڕاستەیەکی توندوتیژی بەخۆیەوە بینی و ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەتی و بارەگای حزبەکان و فەرمانگەکانی دەوڵەتیش بە کەلوپەل و بەڵگەنامەکانیانەوە سووتێنراوان کە‌ زۆربه‌یان خزمه‌تگوزاری رۆژانە پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکەن. تەنانەت لە هەندێک شوێن کارمەندانی پۆلیس و هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی.

سەبارەت بە کەیسی بەدەل بەرواری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: دادوەری لێكۆڵینەوەی دهۆك فەرمانی دەستگیركردنی ناوبراوی دەركردووە بەپێی ماددەی (240) ی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە (111) ی ساڵی (1969) كە سەرپێچی كردنە لە رێكارە ئیدارییەکان. له ئێستادا ناوبراو تۆمەتبارە بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان ژمارە (6)ی ساڵی 2008 راگیراوە.

د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر کەیسی شێروان شێروانى و لەم بارەوە وتی فەرمانى ڕاگرتن بۆ شێروان شێروانی لە دادگاى لێکۆڵینەوەى دهۆک دەرچووە. ناوبراو تۆمەتبارە بەپێى ماددەى ١٥٦ لە یاساى سزادانى عێراقى ژمارە (٢١) بۆ ساڵى ٢٠٠١ کە لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستان هەموار کراوە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: رۆژنامەنووس و دەزگاکانی راگەیاندن بەپێی یاسای کاری رۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (35) ی ساڵی 2007 مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام ئەگەر لە دەرەوەی چوارچێوەی کاری رۆژنامەنووسی تۆمەتبار بکرێت ئەوا بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969 ی هەموار کراوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێ.

Back to top button