بریکاری وەزارەتی پەروەردە: ئەگەر ناچار بین ئەوا دەرگای قوتابخانەکان دادەخەینەوە

بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر ناچار بن، دەرگای قوتابخانەکان دادەخەنەوە.

د. سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی (دەنگی ئەمریکا)ی راگەیاندووە، وەزارەتەکەی بەدواداچوون بۆ دەنگۆی تووشبوونی قوتابییان بە پەتای کۆرۆنا دەکات، تا ئێستا هیچ حاڵەتێک تۆمار نەکراوە.

سەیوان عەلی هەروەها رایگەیاندووە، هەرکاتێک هەست بکەن پەتای کۆرۆنا دەبێتەوە بە هەڕەشەیەکی گشتگیر، ئەوا بۆ پاراستنی ژیانی قوتابییان و مامۆستایان، ناچار دەبین دەوامی قوتابخانەکان رابگرین.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە جەختی لە هەوڵەکانی وەزارەت بۆ پاراستنی گیانی قوتابی و مامۆستایان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، گەرمیپێو و شلەی پاککەرەوە لە ڤایرۆسەکان بۆ هەموو قوتابخانەیەک دابین کراوە و لە حاڵەتی بوونی هەر گومانێک لە تووشبوونی قوتابییەک یان مامۆستایەک بەپەتاکە، لێژنەی تایبەتی پەروەردە رێکاری دەستبەجێ دەگرێتە بەر.

Back to top button