ئالان حەمەسەعید: هەفتەی داهاتوو پارەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت

وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوونی چەند تووشبوویێکی کۆرۆنای لەنێو قوتابخانەکان پشتڕاستکردەوە، رایدەگەیێنێت: سەرەڕای ئەو چەند تووشبووە، گرنگە رێنماییەکان بەپێی پێویست جێبەجێ بکرێن و ئاماژە بەوەش دەدات هەفتەی داهاتوو پارەی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-02-2021 ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی رەوشی نێو ناوەندەکانی خوێندن لەڕووی تەندروستییەوە رایگەیاند: “کاتێک دەرگەی ناوەندەکانی خوێندنمان کردەوە، بە پشتبەستن بە هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان نەماوە”.
نزیکەی سێ مانگە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان روو لە دابەزینە، ئەوەش هۆکار بووە بۆ کردنەوەی قوتابخانەکان، وەزیری پەروەردە لەو بارەیەوە رایدەگەیێنێت: هەرچەندە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا کەمبووەتەوە، بەڵام “جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت لەنێو ناوەندەکانی خوێندن رێنماییەکان لە پۆشینی دەمامک و بەکارهێنانی پاککەرەوەکان و تێستکردنی مامۆستایان و قوتابیان و فەرمانبەران بە ئامێری گەرمیپێو جێبەجێبکرێن، تا رادەیەکی زۆریش توانیومانە رەچاوی دووری نێوان قوتابیان و خوێندکاران لەنێو ناوەندەکانی خوێندن بکەین.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئالان حەمەسەعید ئاماژەی بەوە دا: هەموو رۆژانی پێنجشەممە پاش کۆتاییهاتنی دەوام داتاکان دەگەنەوە وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەوەی وەزارەتی پەروەردە بزانێت ئاستی تووشبوون لە ناوەندەکانی خوێندن چەند بووە، “چەند تووشبووێک تۆمارکراون، بەڵام زۆر کەمن”.
لەبارەی ژمارەی قوتابیان، مامۆستا و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە ئالان حەمەسەعید دەڵێت: زیاتر لە ملیۆنێک و 715 هەزار قوتابی حکومی و زیاتر لە 100 هەزار قوتابی ناحکومی و زیاتر لە 130 مامۆستای میلاک و 30 هەزار فەرمانبەر و هەزاران وانەبێژمان هەیە، کە کۆی گشتی دەکاتە نزیکەی دوو ملیۆن کەس،
ئالان حەمەسەعید بە ئاماژەدان بە زۆریی ژمارەی مامۆستایان و قوتابیان دەڵێت: “ئەگەر دوو ملیۆن کەس لەنێو ناوەندەکانی خوێندن بن تووشبوون هەر دەبێت، بەڵام گرنگ ئەوەیە زوو دەستنیشانی تووشبووەکان بکرێن، ئەو رێنماییانەی وەزارەتی تەندروستی دەریکردووە و ئێمە بەسەر پەروەردەکاندا گشتاندنمان بۆی کردووە جێبەجێ بکرێن”.
سەبارەت بە خەرجکردنی پارەی وانەبێژان کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن سەرۆکی حکومەتەوە بڕیاری خەرجکردنی بڕەپارەیەکی بڕاوەی مانگانە ( مقطوع) وەک شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو خەرج بکرێت، وەزیری پەروردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: “رەزامەندیی وەزارەتی دارایی بۆ خەرجکردنی ئەو شایستە دارییە وەرگیراوە و فەرمانیش بە گەنجینەکان کراوە بۆ خەرجکردنی ئەو پارەیە، هەفتەی داهاتوو لیستەکان رەوانەی گەنجینەکان دەکەین و لەوێشەوە شایستەی دارایی مامۆستایانی وانەبێژ لە هەفتەی ئایندە دابەش دەکرێت”.
Back to top button