شنگال : میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نماییشی سەربازی دەكەن لەبری كشانەوە
قایمقامی قەزای شنگال ئاشكرای کرد ئەمڕۆ پێنجشەممە ١١ی شوباتی ٢٠٢١، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هێزی زیاتریان بۆ نێو شنگال بردووە و نماییشی سەربازییان كردووە، ئەمە لە كاتێكدایە دەبوو بەپێی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا، هێزەكانی دەرەوەی یاسا لە شنگال بكشێنەوە.
لەمبارەوە مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، ڕايگەیاند: “ئەمڕۆ پێنجشەممە حەشدی شەعبی هێزی زیاتری بۆ ناو قەزای شنگال هێناوە و هەر ئەمڕۆ لە شارەكە نماییشێكی سەربازییان بەڕێوە بردووە”.
لەبارەی ئەوەی بەپێی رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال دەبوو هێزە میلشیاكان لە شنگال دەربكرانایە كەچی هێزی زیاتر بۆ قەزاكە دێنن، مەحما خەلیل، گوتی: “دیارە نایانەوێ رێككەوتنەكە جێبەجێ بكرێت و حەشد هێزی زیاتر دێنێت بۆ شنگال”.
لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردووەوە هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بە چاودێری و ئامادەبوونی نوینەری نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، لەبارەی شنگالەوە لەسەر چەند خاڵێك ڕێك كەوتوون كە دیارترینیان چۆڵكردنی شارەكەیە لە میلیشیا و هێزە چەكدارییە نایاساییەكانی دەڤەرەكە، بەڵام تاوەكوو ئێستا لایەنی عێراقی هیچ هەنگاوێكی بۆ جێبەجێكردنی ڕێككەوتننامەكە نەناوە و ئاوارەكانیش نەگەڕاونەتەوە شنگال.