پارێزگاری دهۆک: ئهگهر ویستی پهكهكه پاراستنی كوردستان بووایه، عهفرینیان دهپاراست
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەبارەی شهڕی تورکیا و پەکەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو جەنگە تەنها هەرێمی کوردستان لێی زیان دەکات.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، رایگەیاند، هەبوونی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان وەکو هەبوونی هیچ هێزێکی دیکەی سیاسی نییە، چونکە رێگا بە ئاوەدانی نادەن.
عەلی تەتەر دەپرسێت، بۆچی پەکەکە تەنها لە باشووری کوردستان ئۆپەراسیۆن لە دژی تورکیا ئەنجام دەدات؟ گواستنەوەی چالاکی و سەرکردەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان ئامانجەکەی چییە؟
پارێزگاری دهۆک روونیکردەوە، پەکەکە هیچ مافێکی لە رووی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان نییە. پرسیارەکەش ئەوەیە، ئایا پەکەکە رێگا دەدات هیچ هێزێکی سیاسی لەژێر دەسەڵاتی خۆیان نەک بوونی هەبێت، بەڵکو شەڕ بۆ بەرژەوەندی کوردیش بکات.
لەبارەی لێدوانی پەکەکەش کە ئەوان هەرێمی کوردستان لەدەست تورکیا دەپارێزن، پارێزگاری دهۆک رایگەیاند، باشووری کوردستان بە دەستی پێشمەرگە پارێزراوە، ئەگەر ئەوان ئەو قسەیان بە راستە، با بستێک خاکی باکووری کوردستان بپارێزن، با عەفرینیان بپاراستایە.
راشیگەیاند، ئەوان دژی قەوارەی هەرێمی کوردستانن و رێگا نادەن حکومەت چەندین ناوچەی سنووریی ئاوەدان بکاتەوە.
لەسەر ئەوەی کێ لە پشت پەکەکەوە بێت بۆ ئەو کارانە، پارێزگاری دهۆک گوتی: “چەند وڵاتێکی ناوچەکە سوود لە بوونی پەکەکە وەردەگرن، تاکە زیانبەرکەوتوو خەڵکی هەرێمی کوردستانە”.
پارێزگاری دهۆک دڵنیاییدا، هەموو هەوڵێک دەدەن پرۆژە و ئاوەدانی بۆ ناوچە سنوورییەکان بگوازنەوە.