بایدن هێزێکی دژی چین دامەزراند

جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا دامەزراندنی یەکەی هێزی بەرگری تایبەت بۆ روبەرووبونەوەی “چین”ى راگەیاند.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەری روسیا تودەی، جۆ بایدن، سەرۆکی نوێی ئەمریکا سەردانی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن)ی کردووە و رایگەیاندووە، یەکەی هێزی بەرگری تایبەت بۆ روبەرووبونەوەی چین دادەمەزرێنن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە یەکەم رۆژی دەستبەکاربوونییەوە نیازی پێداچوونەوەی هەبووە بە ستراتیژی سەربازیی وڵاتەکەیدا لە روبەڕووبوونەوەی کێشە و ئاڵنگارییە جیهانییەکاندا.

بایدن دەڵێت، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و چین یەکێکە لەو پرسانەی ئەو بە جدی پێداچوونەوەی بۆ دەکات و لەگەڵ لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەیدا گفتوگۆی لەسەر ئەو بابەتەش کردووە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا بایدن ئاشکرایکردووە، لە وەزارەتی بەرگری، بەڕێوەبەرایەتیەکی تایبەتی بە روبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی چین دامەزراندووە بەناوی یەکەی بەرگریی تایبەت بە چین.

سەبارەت بە دامەزراندنی ئەو هێزە سەرۆکی نوێی ئەمریکا جەختی کردۆتەوە، ئەو یەکەی هێزە جەنگییە بەخێرایی لەگەڵ شارەزایانی مەدەنی و سەربازی کاردەکەن، لە چەند مانگی داهاتووشدا هەوڵی بەدەستهێنانی پشتیوانی سیناتۆرەکان دەدەین، بۆ ئەوەی رێگایەکی باش دیاریبکەین و لە پرسەکانی تایبەت بە چین بەرەو پێشەوە بچین”.

ئەمە لە کاتێکدایە، چەند رۆژێک لەمەوبەر بایدن قسەی لەسەر پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا کرد و رایگەیاند، ئیدارەکەی خۆی بۆ رکابەرییەکی تووند لەگەڵ چین ئامادەکردووە، سەرۆکی چینیشی بە کەسێکی زیرەک و تووند ناوبرد.

Back to top button