سياسهتمهدارێكى رۆژئاوای کوردستان: پەکەکە مەترسییەکی گەورەیە لەسەر نەتەوەی کورد
ئەکادیمی و سیاسەتمەدارێکی رۆژئاوای کوردستان رایدەگەیەنێت، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) مەترسییەکی گەورەیە لەسەر نەتەوەی کورد.
ئەمڕۆ هەینی 12-2-2021، کاوە ئەزیزی، ئەکادیمی و سیاسەتمەداری کوردی رۆژئاوای کوردستان، رايگەیاند، تورکیا بەهۆی پەکەکەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان نزیک دەبێتەوە و ”ئەوەش هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان“.
کاوە ئەزیزی هەروەها رایگەیاند، پەکەکە گۆڕەپانی خەباتی خۆی، کە باکووری کوردستانە، بەجێ هێشتووە و خەباتە وەهمییەکەی خۆی بردووەتە بەشەکانی دیکەی کوردستان.
ئەو ئەکادیمییە جەختی لەوە کردەوە، کە پەکەکە مەترسییەکی گەورەی لەسەر نەتەوەی کورد دروست کردووە و رێککەوتنی نهێنی لەگەڵ میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و داگیرکەرانی کوردستان، دژی گەلی کورد، واژۆ کردووە.
کاوە ئەزیزی شەڕەکانی پەکەکە و سوپای تورکیا لەسەر سنووری نێوان باشوور و باکووری کوردستان بە پیلانێکی پەکەکە بۆ راکێشانی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەژمار دەکات.
ئەزیزی داگیرکردنی عەفرینی رۆژئاوای کوردستانی لەلایەن سوپای تورکیاوە خستە ئەستۆی پەکەکە و رایگەیاند، پەکەکە بووە هۆکاری داگیرکردنی عەفرین.