جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق: ئەستەمە پرۆژه‌ی بودجه بەبێ ڕێككەوتنی هەولێر و بەغدا تێپەڕێت
د. بەشیر حەداد جێگری سه‌رۆكی پەرلەمانی عێراق رایدهگهێنێت: ئەستەمە بەبێ ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پرۆژەی بودجەی گشتی ئەمساڵی عێراق تێپەڕێندرێت. ده‌شڵێت: پەیوەندیی هەولێر و بەغدا تێكبچێت، عێراق زیانی زیاتر بەردەكەوێت.
د. به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق رایدهگهێنێت: هه‌رێمی كوردستان بۆچوون و رای خۆی به به‌غدا گوتووە، ئه‌وه‌ی به‌غداش داوای كردووه له داتا و زانیاری هه‌رێمی كوردستان هەمووی پێشكه‌ش كردووه.
راشیگه‌یاند: دانیشتنێكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌نجام درا له نێوان دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵیی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تیایدا زۆر شت روون بوونه‌وه و ئه‌وانه‌ی تا ئێستا بیانووی به‌غدا بوون، بڕانەوە، بۆیه ئێستا تۆپه‌كه له گۆره‌پانی ناوماڵی شیعه‌دایه، ئه‌وان به‌رانبه‌ر به‌و هاتنه پێشه‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان و پێشكه‌شكردنی ئه‌و هه‌موو زانیاری و داتایه‌ی داوایان كردبوو، دەبێ وه‌ڵامیان هه‌بێت.
جێگری سەرۆكی پەرلەمان ده‌شڵێت: ئەوان خوازیارن بودجە به شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه داهاته‌كانی وڵاتەكە دابه‌ش بكات به‌سه‌ر هه‌موو پارێزگاكانی عێراق، بە هەرێمی كوردستانیشەوه.
گوتیشی دەبێ هەر چارەسەرییەك بۆ په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا، ده‌ستووری بێت و هیچ جێگرەوەیەكی ناده‌ستووری نه‌بێت، دەشبێت بودجه ببێته هۆكارێك بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندیی سیاسی نەك ببێته ئامرازێك بۆ تێكدانی سه‌قامگیری سیاسی و تێكدانی په‌یوه‌ندیی سیاسی.
د.به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق راشیگه‌یاند: كە ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق ده‌خاته مهترسییەوه، ناشبێت په‌رله‌مان به‌شێك بێت له‌م كێشەیە، بەڵكو پێویستە په‌رله‌مان هه‌وڵ بدات گرفته‌كان چاره‌سه‌ر بكات.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: چاوه‌ڕوان ده‌كرێ لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا بودجه بخرێته دهنگدانهوە، بەڵام ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێ، ئەستەمە بودجه بخرێته ده‌نگدانه‌وه، واش باشترە عێراق به‌بێ بودجه بمێنێته‌وه، نەوەك تووشی شكست بن، دەنا په‌یوه‌ندیی هه‌ولێر و به‌غدا تێكبچێت، زیانه‌كه‌ی له‌سەر عێراق زیاتر دەبێت.