مه‌سروور بارزانى: پشتیوانى خۆم و حكوومه‌ت بۆ گه‌نجانى وڵاته‌كه‌م له‌ زاخۆوه‌ تاكو خانه‌قین ڕاده‌گه‌یه‌نم

بە بەشداریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تێدێكس نیشتمان ده‌ستى پێكرد.

له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانى گوتارێكى پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه‌ش ده‌قى گوتاره‌كه‌یه‌:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر زۆر سوپاس
میوانە بەڕێزەكان ئامادەبوانی بەڕێز
گەنجانی خۆشەویست
سەرەتا زۆر سوپاستان دەكەم بۆ بانگهێشتكردنم

سوپاس بۆ ڕێكخەر و ئەو گەنجە بەڕێزە خۆبەخشانەی كە ئەمڕۆ لێرە ئەم بۆنەیان ڕێكخست

هاتووم بۆ ئەوەی هەم پشتیوانیی خۆم و هەم پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانتان پێ ڕابگەیەنم. هەروەها پشتیوانیی خۆم بۆ هەموو گەنجانی وەڵاتەكەمان لە زاخۆوە تا خانەقین پێتان رابگەیەنم. پەرۆشی و گەشبینیی ئێوە بۆ وڵات بەرز بنرخێنم.

من دەزانم هەمووتان خەریكی كاری ئەوەن هەوڵی ئەوە بدەن كوردستانمان بە ئاراستەیەكی باشتر و بەهێزتر هەنگاو بنێت. بۆ ئەوەش دەتوانین بە یەكەوە ئەوەی پێمان بكرێ هاوكاریی یەكتر بكەین، دڵنیام دەتوانین بە هێز و توانا و بەهرە و بیرۆكەكانی ئێوە ئەم ئاواتەمان بێتە دی.

لەم ماوەیەدا چەندین دیدار و بینینم هەبوە لەگەڵ ئەو گەنجە بەڕێزانەی لە چەندین بۆنەدا سەردانیان كردووم و لە نزیكەوە گوێبیستیان بووین و گرفتەكانیشمان بیستوون. جێی خۆشحاڵی بوو بۆم كە بینیم زۆر لەو گەنجانە توانیویانە بە هەوڵی خۆیان لەسەر پێی خۆیان بوەستن. چ ئەو خوشكە بەڕێزە ئێزدییەی توانیویەتی لەدەست تیرۆر ڕزگاری ببێت و خۆی توانیویەتی شوێنێكی شیرنەمەنی دروست بكات و خۆی و خێزانی و چەند كەسیتریش بەخێو بكات.

هەم ئەو كەسەی لە هەولێر شوێنی بەرگدروستكردن و چەندین گەنجی دیكە كە توانیویانە بزنس و بازرگانیی بچووك بۆ خۆیان دروست بكەن كە داهاتیان جگە لە خۆیان چەندین خەڵكیتریشیان بەكار خستووە.

بەڕێزان
ئەوانە بازرگانیی بچووكیان كردووەتەوە و خەڵكی خۆجێییان بەكار خستووە كە بە عەقڵیەتی نوێ و لەسەر بنەمای پشت بەخۆ بەستن و داهێنان ئەمەیان كردووە. ئەمڕۆ لێرەم تا سەرەتایەكی نوێ لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئێوە دەست پێبكەین.
دەزانم ئەو ئاستەنگانەی لەبەردەمتاندان سەختن و هەندێكیان چەندین نەوەیە لە ئارادان. لە هەمان كاتدا دەزانم بە ئاسانی دەستكەوتەكانی ئێستا بە ئاسانی نەهاتوونەتە دی.

زۆر لە باب و باپیرانمان بە خۆشمانەوە ژیانی ئاوارەییمان دیوە و زۆریش ژیانی ژێردەستییان دیوە كە هەردووكیان دەزانین چەند ناخۆشە. خۆشم لە خێزانێك بووم كە بە حوكمی ئەوەی بەردەوام دوژمنان پەلاماری كوردستانیان داوە و لە ژێر مەترسیی بۆمباران یان لە ناخۆشیی ئاوارەییدا ژیاوم. هەمیشە بە ئومێدی كوردستانێكی ئازاد و گەیشتن بە ئیرادە و بڕیاری سەر بە خۆمان بووین. زۆر لە ئێوە لە خوا بەزیادبێ ئەم دۆخەتان نەدیوە، بەڵام بێگومان لە باوك و باپیران و كەسوكارتان بیستووتانە.

دەزانم لە هەر كوێ بین، لێرەبین یان لە دەرەوە، ئەگەر توانیبێتمان خۆمان بە خوێندن و ئەزموون پەروەردە بكەین، خوێندنی باش دەتوانێ كاریگەری هەبێت لەسەر ژیانی باش و بونیادنان. بەختەوەرن كە ئەو سەختییەتان نەبینیوە، بەڵام دڵنیام بیستووتانە تاوەكوو ئەم دەستكەوتانەی هاتوونەتە دی لەدەست نەچن، ئەمانەتە لەسەر شانتان كە بە هەموو شێوەیەك ئەم ئەمانەتە بپارێزن. ئەمەش تەنیا بە قسە و بەرگریكردن لە خاڵەكانی پێشەكی بڵێم پێشمەرگایەتی یان رووبەڕووبوونەوەی دوژمنان ناكرێ، بەڵكوو بە بونیادنانی ژێرخانێكی تەندروستی ئابووری و سیاسەتێكی سەقامگیر و كۆمەڵگەیەكی تەندروست دەكرێ، ئەمەش ئەو ئەركەیە دەكەوێتە سەر شانتان.

دەزانم چاوەڕوانییەكانی گەنجان جیاوازن، خۆم منداڵم هەیە، ئارینی كوڕم زۆرجار پێم دەڵێ بیروبۆچوونی گەنجان ئێستا جیاوازە و تمووحیان زیاترە و بەتەمای وڵاتێكی خۆشتر و گەشەسەندووترن، ئاواتیانە ببینن، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ ئەوەی هەلی كار بۆ گەنجان دروست بكەن.

تێدەگەم نابێ رابردوومان وەكوو پاساوێك بەكار بهێنین بۆ ئەوەی ئەو بۆشاییەەی لە نێوان گەنجان و حكوومەت هەیە بەردەوام بێت، بەڵام دەبێ سوود لە باشتركردنی ئەو پەیوەندییە وەربگرین كە پێویستە بۆ ئەوەی لە یەكتر تێبگەین، حكوومەت و گەنجان پێویستە بزانن كێشەكان چییە و چۆن بتوانین بۆشاییەكە كەم بكەینەوە.

خۆم پابەندم بە رەخساندنی دەرفەت بۆ گەنجان و پێویستە حكوومەت لە چوارچێوەی یاسا و ئابووری بۆ گەشەپێدان و هاندانی شەراكەتی كەرتی گشتی و تایبەت، ئەم دەرفەتە بڕەخسێنێت، هەروەها یارمەتیی گەشەپێدانی بزنسی بچووكیش بدەن، مەشق و پەروەردەش هەبێت بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بۆ گەنجان بڕەخسێت، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت. هەندێكجار هەندێك كەس كە خاوەنی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆیانن، بوونەتە ڕێگر لەبەردەم ئەم چاكسازییانە، بەڵام دەبێت ئابوورییەك بونیاد بنێین كە كەمتر پشت بە دامەزراندن لە كەرتی گشتی ببەستێت، ئابوورییەك بێت پشت بە هاوبەشیی كەرتی گشتی و تایبەت ببەستێت كە بتوانێت زۆرترین دەرفەت و هەلی كار بڕەخسێنێت.

دڵنیام ساڵانی داهاتوو بازرگانیی بچووك و مامناوەند گەششە دەكات و دەبێتە بەشێك لە وەچەرخانێكی زۆر پێویست لە ئابوورییەكی پشت بەستوو بە نرخی ناجێگیری نەوتەوە بۆ ئابوورییەكی گەشەسەندوو هەنگاو بنێین كە لە كۆمەڵگەیەكی بەكاربەرەوە ببینە كۆمەڵگەیەكی وەبەرهێنەر.

بە پەرۆشم كە دەتوانین چی وەدەست بهێنین لە پیشەسازیی و تەكنەلۆژیا و گەشەپێدان و .. زۆر بواری دیكە، ئەمە دەرفەتی هەلی كار دەڕەخسێنێت و یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی هەرێمەكەمان بەرەوپێش بچێت. دڵنیام ئێمە بە ئاراستەیەكی راست هەنگاو دەنێین. خۆشبەختانە هەرێمەكەمان لە دونیا ناسراوە كە پەناگەیەكی پێكەوەژیانە.

من بە تایبەتی پەرۆشی رەخساندنی دەرفەتی بە دیجیتاڵكردنی كوردستانم كە زۆر پێویست و گرنگە بۆ هێنانەدی ئەو پێشكەوتنانە، دەمانەوێ لە كارەكانی حكوومەتدا بەدەستی بهێنین كە بەشێكی سەرەكیی كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتە، بەو ئاراستەیەی ئەم ئامانجانە بە شێوەیەكی دادپەروەرانە بێنە دی.

دەستمان بە سیستەمێكی دیجیتاڵی كردووە، بە تایبەتی بۆ دارایی گشتیی هەرێمی كوردستان كە بە تایبەتی لە لایەن كارمەندانی گەنجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گەشەی پێدراوە.

لە كاتێكدا ئەم هەنگاوانە دەبنە هۆكارێك بۆ شەفافیەت، یارمەتیدەری ئێوەشە بۆ بەئاسانی تۆماركردنی براند و كۆمپانیاكان و كاروباری بازرگانیش ئاسان دەكات.

ئێوە ڕۆڵێكی گەورەتان لە بەرەوپێشبردنی هەرێمی كوردستان دەبێت، بۆیە پێویستیمان بە پشتیوانیتان هەیە و دەمانەوێ بەشێك بن لە دایەلۆگ بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی هەرێمەكەمان. بۆ ئەوەی كوردستان پێشكەوتووتر بێت، پێویستە ئێوەی گەنج خۆتان ڕێك بخەنەوە.

تكایە گوێ بەو دەنگە نەشازانە مەدەن، گوێ بەو پروپاگەندانە مەدەن كە پێتان دەڵێن ئێوە ناتوانن پێش بكەون. گوێ بەوانە مەدەن كە هەمیشە گومانیان هەیە كە دەڵێن ئێمە لە رابردوودا گیرمان خواردوە و قەتیس ماون. داواتان لێدەكەم ئێوە باوەڕتان بە خۆتان هەبێت، چونكە دەتوانن گۆڕانكاری دروست بكەن، دڵنیابن كاریگەریتان دیار دەبێت.

لەم ڕۆژانە لەگەڵ ژمارەیەك خاوەن كار كۆبووینەوە، پێم خۆشبوو گوێم لە چۆنیەتیی پەرەپێدان بە كارەكانیان و وردەكارییەكەی و ئاستەنگەكانی بدەین، بۆم جێی سەرنج بوو گوێم لە پەرۆشییان بێت، گوێبیستی سەرنجەكانیشیان بین بەوەی حكوومەت چی بكات بۆ پەرەپێدانی كارەكانیان.

دەمەوێت گوێم لە ئێوە بێت و سوود لە بۆچوونەكانتان وەربگرم، داوام كردووە گرووپێكی گەنجان دروست بكرێت كە خواستی گەنجان ڕاستەوخۆ بگاتە نووسینگەكەم، خۆشحاڵم نووسینگەكەم ژمارەیەك گەنجی بە توانای تێدایە كە ئەمڕۆ بەشێكیان لێرەن، زۆر خۆیان ماندوو كردوە بۆ سەرخستنی ئەم بیرۆكەیە.

خۆشحاڵم ئەمڕۆ ئەم دەرفەتەم بۆ رەخساوە تا لەم بۆنە گرنگەی تێدكس نیشتمان بەشداری بكەم و قسە بكەم، بەو ئومێدەی زیاتر گوێبیستی ڕێكخەرانی ئەم مەراسیمە بم تا بزانین چۆن دەتوانین داهاتووێكی گەشتر بۆ كوردستان دروست بكەین.

ئێوە بڕواتان بە خۆتان هەبێت، ئێوە خاوەنی ئەم وڵاتەن. خۆشەویستیتان بۆ وڵات وادەكات هیچ ئاستەنگێك نەتوانێت ڕێگر بێت لەبەردەمتان تا خزمەتی خۆتان و وڵاتەكەتان بكەن. ئێوە رابەر و سەركردەی داهاتووی ئەم وڵاتەن و خەڵكی چاویان لە توانا و بەهرەكانتانە، نەهێڵن كەس ئێوە و ئەو بیرۆكەیەی بە وڵاتتان دەبەستێتەوە، لە یەكتر جیا بكاتەوە.

وڵاتی ئێمە بەرەو ئاراستەیەكە كە سەركەوتوو دەبێت بەوەی خاوەن كەسانێكی بەهێزی وەك ئێوەیە، كەسانی زۆری وەك ئێوەم دیوە و گوێم لێگرتوون و دەزانم خاوەنی چ توانایەكن، تكاتان لێدەكەم بە دوای ئامانج و هیواكانتان بڕۆن و مەهێڵن كەس سنوور بۆ هیواكانتان دابنێن.

ئێمە وەك حكوومەت و من وەك خۆم بە هەموو شێوەیەك پشتیوانتان دەبم تا وڵاتەكەمان بەرەوپێشەوە ببەن.

لە كۆتاییدا داوایەكی برایانەتان لێدەكەم كە پابەندی ڕێنماییەكانی تەندروستی بن، راستە ژمارەی تووشبوان ئێستا كەم بۆتەوە، بەڵام تكایە بۆ سەلامەتیی خۆتان و كەسوكارتان، ڕێنماییەكان جێبەجێ بكەن تاوەكوو بتوانین بە هێز و تەندروستییەكی باشتر، كوردستانیش بەهێزتر بكەین.
دووبارە سوپاستان دەكەم

Back to top button